هەولێر و بەغدا گەڕێکی نوێی دانوستان دەستپێدەکەن
وێستگەنیوز -
ئەمڕۆ شەممە 6ی حوزەیرانی 2026، سامی جەلال، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاند: "بڕیارە لەم هەفتەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ دەست بە قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکان بکەن سەبارەت بە چەند پرسێکی دارایی و کارگێڕی گرنگ"، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە لە 48 کاتژمێری داهاتوودا شاندێکی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بگاتە بەغدا.
ئاماژەشی بەوەکرد شاندەکەی هەرێم لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە، ئامانجی سەرەکی سەردانەکە تاوتوێکردنی داهاتەکان و رێکخستنی کاروباری دارایی نێوان هەردوولایە، هاوکات شاندێکیش لە بەغداوە سەردانی هەولێردەکات بۆ هەمان مەبەست.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی پشتراست کردەوە یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی گفتوگۆکان، تایبەت دەبێت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، کە سیستمێکی دیجیتاڵییە بۆ بەڕێوەبردن و کۆکردنەوەی پارەی گومرگ، هەروەها کار دەکرێت بۆ رێککەوتن لەسەر پێدانی دۆلار بە بازرگانانی هەرێم بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق 100 دۆلار بەرامبەر 132 هەزار دینار.
هەروەها وتی، "پرسی دابەشکردنی داهاتی نانەوتی یەکێکی تر دەبێت لە بابەتە هەستیارەکان"، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان حکومەتی هەرێم داوای کەمکردنەوەی ئەو 120 ملیار دینارە دەکات کە مانگانە وەک پشکی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دیاری کراوە، ئەم بابەتەش پێویستی بە رێککەوتنێکی نوێ و گۆڕانکاری لە رێکارە داراییەکانی نێوان هەردوولا هەیە.
PM:06:34:06/06/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت