هەشت گەنجی کورد رفێنراون و بۆ ئازادکردنی هەر کامەیان داوای 6 هەزار دۆلار دەکرێت
وێستگەنیوز-
کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان
لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات کۆمەڵێک گەنجی کورد، کە ژمارەیان ٨ کەسە، بەنیازی
کۆچی نایاسایی بوون و لە وڵاتی لیبیا لەلایەن باندە مافیاییەکانەوە ڕفێندراون و
داوای پارە لە کەسوکاریان دەکرێت لە بەرامبەر ئازادکردنیاندا.
ئەو گەنجانە زیاتر لە
سێ مانگ و 16 ڕۆژە ڕفێندراون و باندە مافیاییەکان بۆ
ئازادکردنی هەر یەکێکیان داوای وەرگرتنی پێنج بۆ شەش هەزار دۆلار دەکەن و کەسوکاریشیان
لە هەوڵدان بۆ ئازادکردنیان.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی
پەنابەرە گەڕاوەکان رایگەیاند، هەشت گەنجە کوردەکە کە تەمەنیان لە خوار 25 ساڵەوەیە، بەنیازی کۆچ بوون بۆ ئیتاڵیا، بەڵام لە ١٤ی ئازاری ئەمساڵەوە،
لەلایەن باندێکی مافییاوە لە لیبیا دەستبەسەرکراون.
گەنجەکان لە مانگی
ئازارەوە لەلایەن دەڵاڵێکی کوردەوە ڕادەستی کوڕێکی سووری بەناوی عەبدوڵا کراون و
دواتر ئەویش ڕادەستی کەسێکی دیکەی کردوون بە ناوی ئەبو سوڵتان، کە لە لیبیا دادەنیشێت
و لەلایەن باندێکی قاچاخچییەوە، لەوکاتەوە دەستبەسەر کراون.
ئەو باندە بۆ
ئازادکردنی هاونیشتمانییە کوردەکان، داوای پێنج بۆ شەش هەزار دۆلار بۆ هەریەکەیان
دەکەن.
گەنجەکان پێنج کەسیان
خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕینن، گەنجێکیشیان خەڵکی شارەزوورە و دوو گەنجەکەی دیکە لەلایەن
قاچاخچییەکی دیکەوە ڕادەستی سوورییەکان کراون، بەڵام بەدیاریکراوی نازانرێت خەڵکی
چ شار و ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانن.
ئێستا کەسوکاری گەنجەکان
ئامادەن ئەو بڕە پارەیە بدەن، بەڵام بە مەرجی بوونی گرەنتی، کە کوڕەکانیان ئازاد دەکرێت
نەوەک تەنیا پارەکانیان بفەوتێت و ئازاد نەکرێن.
لەبارەی بوونی هەوڵی فەرمی
و حکومی بۆ ئازادکردنی گەنجەکان بەبێ پێدانی ئەو پارەیە، بەکر عەلی دەڵێت، ڕێنمایی
کەسوکاری گەنجەکان دەکەن دام و دەزگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بهێننە
سەرهێڵ بۆ ئازادکردنی کوڕەکانیان.
PM:01:12:30/05/2026
ئهم بابهته 160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت