کەیسی شێروان شێروانی گەیشتە سەرۆک وەزیرانی کەنەدا
وێستگەنیوز-
کەمپینی شێروان شێروانی رایدەگەیەنێت سەبارەت بە ئازادكردنی
شێروان شێروانی و ئازادی ڕادەربڕین، نامەیەکیان بۆ سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە
كەنەدا، ناردووە.
کەمپینەکە کە بریتییە لە "ئیمزا کۆکردنەوە و قسەکردن لەسەر
بارودۆخی ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی بیروباوڕ لە هەرێمی كوردستان و زیندان كردنی
شێروان شێروانی" لە بەشێکی راگەیەنراوەکەدا دەنوسێت، " ئەو نامەیەی سەبارەت
بە ئازادكردنی شێروان شێروانی و ئازادی ڕادەربڕین، كە بەزمانی ئێنگلیزی ئامادە
كرابوو، لە ڕێگای ئیمێڵەوە ناردراوە، بۆ سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە كەنەدا،
هەروەها بۆ چەند سەرۆك حیزب، ئەندام پەرلەمان و رێکخراوە سیاسی و مەدەنیەكان".
لەنامەکەدا "داوا لە لایەنەكان کراوە فشار بخەنە سەر
حکومەتی هەرێمی كوردستان، بە بێ مەرج شێروان شێروانی ئازاد بکرێت و زیاتر ئاگاداری
بارودۆخی ئازادی رۆژنامەوانی و رادەربڕین بن. چونکە کەنەدا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە
گرنگی بە مافی مرۆڤ دەدات".
شێروان شێروانی ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی مەدەنی و بەندکراوی
سیاسیی دیاری هەرێمی کوردستانە کە وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ لە دەڤەری بادینان
کاری دەکرد و بە نووسین و ڕاپۆرتەکانی لەسەر گەندەڵی، ئازادیی ڕادەربڕین و مافەکانی
مرۆڤ دەناسرا.
لە تشرینی یەکەمی 2020، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی دەستبەسەرکردنی بەربڵاودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی
هەولێرەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا، کە دواتر بە کەیسی "زیندانیانی بادینان"
ناسرا.
لە شوباتی 2021، لەلایەن
دادگای تاوانەکانی هەولێرەوە، لەگەڵ چوار چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی دیکە (شڤان سەعید،
ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و گوهدار زێباری)، بە تۆمەتی "سیخوڕی و تێکدانی
ئاسایشی نیشتمانی" سزای 6 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە
کاردانەوە و سەرکۆنەی توندی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک(Amnesty International) و(CPJ)ی لێکەوتەوە.
لە کاتێکدا کە بڕیار بوو بەهۆی کەمکردنەوەی ماوەی حوکمەکەی
لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە ئازاد بکرێت، لە تەممووزی 2023 دادگا بە تۆمەتی "ساختەکردنی پەنجەمۆر" لەسەر پسوولەیەک، سزای 4 ساڵ زیندانیکردنی دیکەی بەسەردا سەپاندەوە.
PM:01:34:21/05/2026
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت