سەرچاوە هەواڵگرییەکان: ئێران خۆی رێکدەخاتەوە و بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو درۆن بەرهەم دەهێنێت
وێستگەنیوز-
سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، حکومەتی ئێران
سەرقاڵی بنیاتنانەوە و ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی سوپاکەیەتی و بە خێراییەکی یەکجار زۆر
و چاوەڕواننەکراو خەریکی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە.
تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"
(CNN) لە زاری دوو سەرچاوەی هەواڵگریی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە؛
ئێران لە ماوەی ئەو ئاگربەستەی کە لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردووەوە دەستیپێکردووە،
پڕۆسەی بەرهەمهێنانی درۆنەکانی دەستپێکردووەتەوە.
هاوکات لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری چوار سەرچاوەی دیکەوە هاتووە،
زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئێران بە خێراییەکی
زۆر زیاتر لەوەی کە سەرەتا پێشبینی دەکرا، خەریکی ڕێکخستنەوە و نۆژەنکردنەوەی ڕیزەکانی
خۆیەتی.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا
گرژی و ئاڵۆزییە سەربازی و ئەمنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە توندی زیادیان
کردووە؛ ئەمەش دوای زنجیرەیەک هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل کە دامەزراوە سەربازییەکان،
سەکۆکانی موشەکی و ژێرخانە بەرگرییەکانی ناوخۆی ئێرانیان کردبووە ئامانج.
پیشتر ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا باسیان لە لاوازبوونی توانای سەربازیی
ئێران و تێکشکانی بەشێکی زۆری پێکهاتەی بەرگریی ئەو وڵاتە دەکرد، بەڵام بەپێی دواین
هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان، تاران توانیویەتی لە ماوەیەکی کورتدا بەشێکی گرنگ لە
توانای پیشەسازی و سەربازیی خۆی ببوژێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکان ئاشکرای دەکەن کە
سەرەڕای گوشارە بەردەوامەکان، گەمارۆکان و هێرشە سەربازییەکان، ئێران توانیویەتی
ژمارەیەک لە پێگەکانی بەرهەمهێنانی موشەک بخاتەوە گەڕ و کۆنترۆڵی بنکە سەربازییەکانی
نزیک گەرووی هورمز بکاتەوە.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان
جەخت لەوەش دەکەنەوە کە ئێران بەشێکی زۆری سەکۆکانی هاوێشتن و کۆشکە موشەکییەکانی
خۆی پاراستووە، و لە هەمان کاتدا بەردەوامە لە پاراستنی ژێرخانی بەرگری و دامەزراوەکانی
بەرهەمهێنانی سەربازی.
AM:11:29:21/05/2026
ئهم بابهته 372
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت