دوو بەندکراوی سیاسی کورد لە ئێران لەسێدارە دران


وێستگەنیوز-

سزای لەسێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی «ڕامین زەلە» و «کەریم مەعروف‌پور» کە هەردووکیان خەڵکی نەغەدەن جێبەجێ کرا.

ماڵپەڕی "میزان"، سەربەدەزگای بڵاویکردەوە رۆژی چوارشەممە 21ی ئایاری 2026، سزای لەسێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕامین زەلە و کەریم مەعرووف‌پوور، بە شێوەیەکی نهێنی و بێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان و بێ مافی ئەنجامدانی دوایین دیدار، لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵەکەی "میزان" لەسێدارەدانی ئەم دوو هاوڵاتییە بە تۆمەتی ئەندامبوونیان لە یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کاری چەکداریی بووە.

ڕامین زەلە، خەڵکی شارستانی نەغەدە، لە 22ی تەممووزی 2024 لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی نەغەدە.

کەریم مەعروف‌پور، تەمەن 29 ساڵ و خەڵکی نەغەدە، پێشتر لە 23ی ئازاری 2021 لەلایەن دامەزراوە حکومییەکانەوە لە شاری سەردەشت دەستبەسەرکرابوو.

لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆماری ئیسلامی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی زیاد کردووە و لە هەندێک ڕۆژدا چەندین کەسی لەسێدارە داوە. لەم ماوەیەدا، لە هەندێک هەفتەدا و بۆ چەند ڕۆژێک لە دوای یەک، هەواڵی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بڵاوکراوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی مافی مرۆڤی «هرانا» کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، نووسیویەتی ناسنامەی «٥٠ کەس»ی پشتڕاستکردووەتەوە کە لە سەرەتای شەڕەکەوە لە ئێران لەسێدارەدراون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی ڕێکخراوی «مافی مرۆڤی ئێران» کە بنکەکەی لە نەرویجە و ڕێکخراوی «پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان» کە بنکەکەی لە پاریسە، ئێران لە ساڵی 2025لانی کەم «هەزار و 639 کەس»ی لەسێدارە داوە. ئەمە «بەرزترین» ڕێژەی لەسێدارەدانە لە ماوەی یەک ساڵدا لە ئێران لە ساڵی 1989 تا ئێستا.


AM:08:54:21/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت