سەبارەت بە کەیسی حەمەڕەش دەستەی مافی مرۆڤ راگەیەنراوێكی بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ی ئایاری 2026، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە سەردانی شاندی باڵای دەستەكه‌ بۆ پارێزگای سلێمانی و بەدواداچوون بۆ کەیسی حەمەڕەش و چەند دۆسیەی دیکە راگه‌یەنراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یەنراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی د.مونا یاقو، سەرۆکی دەستە و بە یاوەری ڕامان مەجید، ڕاوێژکاری سەرۆکی دەستە و تاڤگە عومەر ڕەشید، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ، سەردانی شاری سلێمانییان کرد.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، ئەو سەردانە بە هاوکاری و بەشداری تیمی نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی بەڕێوە چوو کە پێکهاتبوو لە سابیر عەبدوڵا کەریم، بەڕێوەبەری نووسینگە و هەڵشۆ عەبدولفەتاح، لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن، شاندەکە بەمەبەستی بەدواداچوون و وەرگرتنی زانیاریی پێویست لەسەر سێ تەوەری سەرەکی، زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجامدا.

تەوەرەکان و ئەنجامی بەدواداچوونەکان، تەوەری یەکەم، کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی دادگای سلێمانی سەبارەت بە کەیسی ڕاگیراوانی لالەزار. شاندی دەستە لە کاتژمێر (١١:٠٠)ی پێشنیوەڕۆ، سەردانی دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانییان کرد. لەو دیدارەدا بەوردی تیشک خرایە سەر کەیسی ڕاگیراوانی لالەزار و قۆناغ و ئاستی دۆسیەکە لە ڕووی یاسایی و دادبینییەوە، بەتایبەت دوای بەڕێوەچوونی دانیشتنی دووەمی دادگاییکردنی (١٢) ڕاگیراوی کەیسەکە لە ڕۆژی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦، هاوکات لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی کەیسی شاهید (محەمەد) ناسراو بە (حەمەڕەش) کرا.

تەوەری دووەم، لە درێژەی بەدواداچوونەکانیاندا، شاندی دەستەکە سەردانی گرتووخانەی کانی گۆمەیان کرد و لە نزیکەوە چاویان کەوت بە دوو لە ڕاگیراوانی کەیسی لالەزار بە ناوەکانی (حەمەڕەش) و (کارزان) کەوت، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی تەندروستی و بارودۆخیان لەناو زیندان.

تەوەری سێیەم، بەدواداچوون بۆ کەیسی گیانلەدەستدانی نەوجەوانێک لە چاکسازیی ژنان و منداڵان كرا.

هاوكات ده‌سته‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، لە قۆناغی کۆتایی سەردانەکەدا، شاندی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانییان کرد، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستی و هۆکاری گیانلەدەستدانی نەوجەوانێک بە ناوی (داریوش محەمەد) کە تەمەنی ١٧ ساڵ بووە، بۆ ئەم مەبەستەش، شاندی باڵای دەستەکە چوونە ژووری کۆنترۆڵی کامێراکان و بەوردی و چڕی چاودێریی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی ئەو کاتەیان کرد کە ڕووداوەکەی تێدا ڕووی داوە.


PM:03:48:20/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 3404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت