سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانان، میتی تورکیا و پەکەکە کۆدەبنەوە


وێستگەنیوز-

دەزگای هەواڵگری تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانان کۆدەبنەوە و هاوسەرۆکی دەمپارتیش ئەو دیدار و کۆبوونەوانە پشتڕاست دەکاتەوە.

تولای هاتیمئۆغوڵلاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەبارەت بەو هەواڵانەی لە میدیاکانی تورکیادا دەربارەی بەڕێوەچوونی دیداری نێوان دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەندیل بڵاوکرابوونەوە، رایگەیاند، راستە دیدار هەیە، بەڵام زانیاریی زۆریان لەسەر ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوە و دیدارانە نییە.

وتیشی، پڕۆسەی ئاشتی بە سستی بەڕێوە دەچێت و نازانرێت ئایا ئەو کۆبوونەوانە دەتوانن ئەم سستییە چارەسەر بکەن یان نا.

دوێنێ رۆژنامەیەکی نزیک لە حکومەتی تورکیا بڵاوی کردبووەوە، شاندێکی میت لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل لە پەیوەندیدان و داوای لە پەکەکە کردووە لە ماوەی چەند رۆژێکدا نەخشەڕێگا، پلان و داواکارییەکانی خۆی بۆ چەکدانان و گەڕانەوەی ئەندامەکانی رادەستی ئەوان بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا پلان و داواکارییەکانی پەکەکە دەگەنە دەست حکومەت و دواتر لەگەڵ داواکارییەکانی حکوومەتدا بەراورد دەکرێن، بڕیاری هاوبەش لەسەر پڕۆسەی ئاشتی و چەکدانان دەدرێت.

پرۆسەی ئاشتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکرد، کاتێک داوای لە عەبدوڵا ئۆجەلان کرد بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات.

رۆژی 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە راگەیاند، لەو چوارچێوەیەشدا پەکەکە لە 12هەمین کۆنگرەی خۆیدا لە نێوان 5 بۆ 4ی ئایاری 2025، بڕیاری کۆتاییهێنان بە بوونی ڕێکخراوەیی خۆی دا.


AM:09:43:16/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت