دادگاییکردنی عەجاج دواخرا و وادەی دووەم دادگاییکردن دیاریکرا


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026، یەکەم دادگاییکردنی عەجاج تکریتی ناسراو بە "جەلادی ئەنفال" لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە رەسافە بەڕێوەچوو.


دوای ئەوەی چەند کاتژمێرێک دادگاییکردنی عەجاج بەردەوام بوو دادوەر بڕیاریدا دادگاییکردنەکە دوابخات.

لەبارەیەوە ئەکرەم ساڵح، سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لەپرسی ئەنفال بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "دووەمین دادگایكردنی عەجاجی نوگرە سەلمان لە 14ی ئایاری 2026، بەڕێوەدەچێت".

لە دادگاییکردنەکەی ئەمڕۆ بەشێک لە نوێنەری قوربانیان و کەسوکاری ئەنفالکراوان ئامادەی دانیشتنەکە بوون.

ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی عەجاج بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "عەجاج کە بەڕێوەبەری زیندانی نوگرەسەلمان بووە دانی بە سەرجەم تاوانەکانیدا ناوە کە تاوانەکانی بریتییە لە ئەشکەنجەدان و برسیکردن و دەسترێژیکردنە سەر ژنان و چەندین تاوانی دیکە".

رۆژی 31ی تەموزی 2025 دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی راگەیەندرا کە بە "جەلادی ئەنفالکراوان" ناسراوە، ئەو تاوانانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە شەهیدکردنی ئەنفالکراوان لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان لە پارێزگای موسەنا، لەو کاتەی کە بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان بووە.


PM:02:06:07/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت