زانیاری نوێ ده‌رباره‌ی ئاگرگرتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بازگه‌ی كه‌ڵه‌وانان بڵاوكرایه‌وه
وێستگه‌نیوز –
رێكخراوی سی پی تی رایگه‌یاند ئاگرگرتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بازگه‌ی كه‌ڵه‌وانان به‌هۆی هێرشی درۆنه‌وه بووه، سه‌ركرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕان-یش باس له‌وه ده‌كات كه ئۆتۆمبێله‌كه به‌ئامانج گیراوه به‌ڵام نازانرێت به درۆن بووه یان به بۆمبی لكێنه‌ر ته‌قێنراوه‌ته‌وه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌دوای به‌ربانگ ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزه‌ر له‌نزیك بازگه‌ی كه‌ڵه‌وانان واته نێوان دوكان - سلێمانی ئاگری گرت.
ئۆتۆمبێله‌كه له‌لایه‌ن درۆنێكی نه‌ناسراوه‌وه به ئامانج گیراوه
كامەران عوسومان لە رێكخراوی (Community Peacemaker Teams - Iraqi Kurdistan)ی ئه‌مریكی له‌وباره‌وه رایگه‌یاتد كه "له كاتژمێر 7:40 خوله‌كی سه‌ر له ئێواره‌ی ئه‌مڕۆدا، ئۆتۆمبێلێكی جۆری (لاندكرۆزه‌ر - ژماره سلێمانی - گولله نه‌بڕ) له‌سه‌ر رێگای نێوان دوكان بۆ سلێمانی، به‌رامبه‌ر گوندی حه‌سه‌ن ته‌په له‌لایه‌ن درۆنێكی نه‌ناسراوه‌وه به ئامانجگیرا".
ده‌شڵێت: "له ئه‌نجامی ئه‌و هێرشه‌دا، كه‌سێك گیانی سپارد و كه‌سێكی تریش به سه‌ختی برینداربوو. قوربانییه‌كان هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ئێرانین".
ئۆتۆمبێله‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕان به ئامانج گیراوه
ئیدریس عه‌بدی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕان له‌وباره‌وه رایگه‌یاند كه "ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی له ناوچه‌ی كه‌ڵه‌وانان له سلێمانی به ئامانجگیراوه ئۆتۆمبێلی عومه‌ری ئیلخانیزاده جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕان بووه و به درۆن یان بۆمبی لكێنه‌ر ته‌قێنراوه‌ته‌وه".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمه‌ڵه ده‌ڵێت: "ئۆتۆمبێله‌كه عومه‌ری ئیلخانیزاده‌ی تێدا نه‌بووه و پێشمه‌رگه‌یه‌ك شه‌هیدبووه".
دڵنیا نین له هۆكاری رووداوه‌كه
لای خۆیه‌وه عه‌بدوڵا نوری، به‌رپرسی ئه‌منی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی ئێران به دره‌وی وت كه "ئۆتۆمبیله‌كه گولـله‌نه‌بڕه و شۆفێرێك و پێشمه‌رگه‌یه‌كی تێدابووه، له سورداش گه‌ڕاوه‌ته‌وه به‌ره‌و سلێمانی، له نزیك بازگه‌كه ئۆتۆمبیله‌كه وه‌رگه‌ڕاوه و ئاگری گرتووه".
وتیشی: "میدیاكان هه‌واڵی ئه‌وه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه گوایه به درۆن كراوه‌ته ئامانج، به‌ڵام ئێمه تا به‌ته‌واوی بۆمان رووننهبێتهوه، دڵنیا نین، له‌ئێستادا هه‌م تیمی خۆیان و هه‌م ده‌زگا ئه‌منیه‌كان لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن له‌وه‌ی بزانن هۆكاری رووداوه‌كه درۆن بووه یان وه‌رگه‌ڕاوه یان ته‌قینه‌وه لهڕێگهیان دانراوه‌و دواتر ئاشكرای ده‌كه‌ن".
جه‌ختیشكرده‌وه له‌وه‌ی "عومه‌ری ئیلخانیزاده جێگری سه‌رۆكی حزبه‌كه‌یان سه‌لامه‌ته و شه‌هیدێك و بریندارێك هه‌یه".
رووداوه‌كه وه‌رگه‌ڕان بووه
پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له حزبی ناوبراو تایبه‌ت به وێستگه‌نیوزی راگه‌یاند كه هۆكاری ئاگرگرتنی ئۆتۆمبێله‌كه، رووداوی هاتووچۆ بووه و لاندكرۆزهرهكه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی درع بووه وه‌رگه‌ڕاوه و یه‌كسه‌ر ئاگری گرتووه".
به‌پێی زانیارییه‌كانی وێستگه‌نیوز، له‌و رووداوه‌دا كه‌سێك گیانی له‌ده‌ست دا و دووانی تر برینداربوون. برینداره‌كان چیرۆكی رووداوی هاتووچۆیان بهحزبهكهیان راگه‌یاندووه نه‌ك هێرشی درۆنی.
PM:09:58:18/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 544
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت