نێچیرڤان بارزانی: ئه‌وه‌ی پێمان كراوه بۆ سه‌قامگیریی سوریا، به‌ڕاستی درێخیمان نه‌كردووه
وێستگه‌نیوز -
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، "ئه‌مه بابه‌تێكی گرنگه و ده‌بێت به زووترین كات چاره‌سه‌ر بكرێت". له‌باره‌ی رۆڵی هه‌رێمی كوردستانیش له رێككه‌وتنی نێوان دیمه‌شق و هه‌سه‌ده ده‌ڵێت، "ئه‌وه‌ی پێمان كرا درێخیمان نه‌كرد".
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رووداو رایگه‌یاند كه:
*هه‌موو ده‌وڵه‌تان و سه‌ركرده‌كان ده‌یانه‌وێت رۆڵی هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی كاریگه‌ر و جدی بێت، ده‌یانه‌وێت سه‌قامگیر بێت و له چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵ‌دا هه‌رێمێكی به‌هێز بێت.
*دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بابه‌تێكی گرنگه كه ده‌بێت به زووترین كات چاره‌سه‌ر بكرێت.
* به‌رده‌وامین له هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی بگه‌ینه چوارچێوه‌یه‌ك و تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه، به‌تایبه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته پێك بهێنرێت.
*جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، كاك مه‌سرور، به‌نده و هه‌موومان ئه‌وه‌ی پێمان كراوه بۆ سه‌قامگیریی سووریا، به‌ڕاستی درێخیمان نه‌كردووه. هه‌ر یه‌ك به‌پێی پێگه و شوێنی خۆی، ئێمه هه‌موومان هه‌وڵێكی جدیمان داوه.
*دۆخی رۆژئاوای كوردستان جیاوازه له باشووری كوردستان و ئه‌و ژینگه‌یه‌ی لێره دروستبووه له‌وێ نییه.
* هیوادارین له ئه‌نجامدا ئه‌و ئۆتۆنۆمییه‌ی باسی ده‌كرێت، ئۆتۆنۆمی بێت بۆ ناوچه‌كه و ده‌سه‌ڵات بدرێته ئه‌و سنووره جوگرافیایه‌ی هه‌م كوردی تێدایه و هه‌م عه‌ره‌ب و هه‌م مه‌سیحی. ئه‌وان بتوانن كاره‌كانی خۆیان له‌وێ به‌ڕێوه ببه‌ن. ئه‌مه گرنگه.
ئه‌مه‌ش ده‌قی پرسیار و وه‌ڵامه‌كانی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه:
رووداو: له میونشنه‌وه سڵاوتان لێبێت بینه‌رانی رووداو. من ئاڵا شاڵیم و ده‌مه‌وێت له هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، چه‌ند پرسیارێكی گرنگی ئاراسته بكه‌م. جه‌نابی سه‌رۆك، زۆر سوپاس بۆ ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه.
جه‌نابت، زۆر ماندوو بوویت له‌م چه‌ند رۆژه‌دا. هه‌ر بژیت و له‌شساخ بیت. جه‌نابتان لێره له میونشن له‌گه‌ڵ چه‌ندین سه‌رۆك و سه‌ركرده و به‌رپرسانی جیهان كۆبوونه‌وه.
پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه، ئایا جیهان ئاماده‌یه به‌رده‌وام بێت له پشتیوانیكردنی هه‌رێمی كوردستان و ئایا هه‌رێمی كوردستان ئه‌و توانایه‌ی هه‌یه كه به‌رده‌وام بێت وه‌كو هاوكار و هاوبه‌شێكی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی؟
نێچیرڤان بارزانی: هاتنی ئێمه بۆ ئه‌م كۆنفرانسانه زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه له نزیكه‌وه خه‌ڵك ببینین، به‌رپرسانی جیهان ببینین و جه‌خت له‌سه‌ر رۆڵی كورد له ناوچه‌كه به شێوه‌یه‌كی گشتی و له عێراقدا بكه‌ینه‌وه. سه‌باره‌ت به پرسیاره‌كه‌ت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵێ، من پێم وایه سیاسه‌تی ئه‌وروپی و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌وه‌دا روونه كه ده‌یانه‌وێت كوردستانێكی به‌هێز له‌ناو عێراقێكی فیدراڵ‌دا هه‌بێت. ئه‌مه لای هه‌موو ده‌وڵه‌تان و سه‌ركرده‌كان روونه. ده‌یانه‌وێت رۆڵی هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی كاریگه‌ر و جدی بێت، ده‌یانه‌وێت سه‌قامگیر بێت و ده‌یانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵ‌دا هه‌رێمێكی به‌هێز بێت. ئه‌و جیاوازییه‌ی كه ئێمه هه‌مانه ئه‌وه‌یه كه ئێمه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق‌داین. بێگومان ئێمه ناڵێین ئه‌و ده‌ستووره ته‌واوه و هیچ كێشه‌یه‌كی نییه، به‌ڵام ئێمه هه‌ندێك مافمان هه‌یه و ده‌شزانین هه‌ندێك به‌رپرسیارێتیشمان ده‌كه‌وێته سه‌رشان به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره. به‌ڵام سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی تاوه‌كو ئێستا ئه‌وه‌یه: كوردستانێكی به‌هێز له‌ناو عێراقێكی فیدراڵ‌دا.
رووداو: كوردستانێكی به‌هێز، به‌ڵام به‌ڕێزتان چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌تان كرد، ئایا له كۆبوونه‌وه‌كان و گفتوگۆكاندا ره‌خنه له هه‌رێمی كوردستان نه‌گیرا كه دوای ساڵێك و چوار مانگ له هه‌ڵبژاردن، هێشتا په‌رله‌مان كارا نییه و حكومه‌تیش دروست نه‌بووه؟
نێچیرڤان بارزانی: به‌ڵێ، ئه‌وه یه‌كێك له باسه‌كان بوو. ئه‌م بابه‌ته له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت. خه‌ڵكی كوردستان متمانه‌یه‌كی زۆریان دا به هه‌موو حیزبه‌كان و رێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن نزیكه‌ی 73٪ بوو. ئه‌مه هه‌مووی ئه‌و متمانه‌یه بوو كه گه‌لی كوردستان هه‌یبوو. به دڵنیاییه‌وه، زیاتر له ساڵێكه كه حكومه‌ت پێكنه‌هاتووه و ئه‌مه جێگه‌ی ره‌خنه‌یه له ده‌ره‌وه، به‌ڵام بۆ خۆشمان شتێكی جوان نییه. له ئه‌نجامدا، ئه‌مه بابه‌تێكی گرنگه كه ده‌بێت به زووترین كات چاره‌سه‌ر بكرێت و ئێمه به‌رده‌وامین له هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی بگه‌ینه چوارچێوه‌یه‌ك و تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه، به‌تایبه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته پێك بهێنرێت.
رووداو: جه‌نابی سه‌رۆك، توركیا هێزێكی گه‌وره‌یه له سووریا و له ناوچه‌كه‌دا. به‌ڕێزتان به به‌رده‌وامی له په‌یوه‌ندیدا بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه رابگیرێت و ئاشتی بگه‌ڕێته‌وه نێوان حكومه‌تی سووریا و هه‌سه‌ده. رۆڵی توركیا چۆن بوو له‌م ماوه‌یه‌دا؟
نێچیرڤان بارزانی: كاتێك ئه‌م كێشه‌یه له سووریا روویدا، من شه‌خسه‌ن به‌رده‌وام بووم له قسه‌كردن له‌گه‌ڵ توركیا. ده‌توانم پێتان بڵێم رۆڵی توركیا رۆڵێكی زۆر ئه‌رێنی بوو، وه به‌بێ یارمه‌تی و پشتیوانیی توركیا، زۆر شت له‌وانه‌ی كه كران، نه‌ده‌كرا. بۆ نموونه، ئه‌وه‌ی له حه‌له‌ب كرا و ئه‌و خه‌ڵكه به هێمنی له‌وێ ده‌رچوون، به‌ڕاستی توركیا رۆڵێكی گه‌وره‌ی تێدا بینی. وه رۆڵی توركیا رۆڵێكی زۆر پۆزه‌تیڤه، رۆڵێكی یارمه‌تیده‌ره بۆ ئه‌وه‌ی هه‌سه‌ده و حكومه‌تی سووریا بگه‌نه رێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش. ئه‌مه‌یه ئه‌وه‌ی من دیومه و ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم، رۆڵیان رۆڵێكی زۆر پۆزه‌تیڤ بووه.
رووداو: لێره له‌گه‌ڵ چه‌ندین به‌رپرسی جیهان، یه‌كێك له ته‌وه‌ره گرنگه‌كانی ئێوه له گفتوگۆكان و كۆبوونه‌وه‌كاندا باسی پرسی سووریا و رۆژئاوای كوردستان بوو. لێره ده‌توانین بڵێین گه‌ره‌نتی هه‌یه كه كورد له رۆژئاوای كوردستان پارێزراو بێت؟ هه‌روه‌ها ده‌توانین بڵێین دروستبوونی ئۆتۆنۆمی له رۆژئاوای كوردستان هاتووه‌ته كایه‌وه یان ده‌توانین بڵێین پشتیوانییه‌كان چۆنن؟
نێچیرڤان بارزانی: ئه‌گه‌ر پرسیار له دیمه‌شق بكرێت، ره‌نگه وا ته‌سه‌ور بكه‌ن زۆریان به كورد داوه. ئه‌گه‌ر پرسیار له كورده‌كانیش بكرێت، ره‌نگه وا ته‌سه‌ور بكه‌ن زۆر كه‌میان وه‌رگرتووه. به‌ڵام به‌ڕای شه‌خسیی من، ئه‌وه‌ی كراوه شتێكه كه ده‌توانێت بۆ هه‌ردوولا باش بێت. له ئه‌نجامدا، سیاسه‌تی ئێمه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه كه براكانمان له رۆژئاوای كوردستان بگه‌نه ئه‌نجامێكی باش له‌گه‌ڵ دیمه‌شق. سیاسه‌تی ئێمه پشتیوانیی ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌وان بتوانن بگه‌نه ئه‌نجامێكی باش له چوارچێوه‌ی سووریایه‌كی یه‌كگرتوودا. پێموایه ئه‌وه‌ی گرنگه، چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی ئه‌م رێككه‌وتنه‌یه. ئێمه له‌م كۆبوونه‌وانه‌ی كه له میونشن هه‌مان بوو له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان و ئه‌وروپییه‌كان، جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه كه پێویسته چاودێریی جێبه‌جێكردنی ئه‌م رێككه‌وتنه بكرێت. به‌لای ئێمه‌وه ئه‌وه گرنگه. ئه‌وه‌ی من له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا و هه‌روه‌ها له فه‌خامه‌تی سه‌رۆك شه‌رع گوێم لێ بوو، ئه‌وه‌یه كه به كرده‌وه ده‌یانه‌وێت ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی كه هه‌یه وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئێمه‌شه و به‌لامانه‌وه زۆر گرنگه، ئه‌وه‌یه كه هه‌رچی ده‌كرێت سه‌باره‌ت به رۆژئاوا و پێكهاته‌كانی دیكه‌ش له‌ناو سووریا، هه‌موویان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له‌ناو ده‌ستووری سووریادا جێگیر بكرێن. ئێمه پێشوازیمان له‌و فه‌رمانه‌ی سه‌رۆك شه‌رع كرد. من پێم وایه ئه‌وه‌ش ده‌ستپێكردنێكی زۆر باش بوو به رێگه‌یه‌كی راست، وه پێشموایه گرنگه هه‌موو لایه‌كمان هه‌وڵ بده‌ین ئه‌مانه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری سووریادا جێگیر بكرێن.
رووداو: جه‌نابی سه‌رۆك، به‌ڕێزتان له‌گه‌ڵ مه‌زڵووم عه‌بدی و له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریاش كۆبوونه‌وه، كه جه‌نابت ئاماژه‌ت پێدا. من له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریام پرسی، گوتی كورد تاوه‌كو ئێستا داوای ئۆتۆنۆمیی نه‌كردووه. ئایا ئه‌وه له گفتوگۆكاندا باس كرا؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمه ده‌بێت واقیعی بین له‌م بابه‌ته‌دا. ئه‌گه‌ر ته‌سه‌ور بكرێت ئه‌وه‌ی ئێمه له كوردستانی عێراق هه‌مانه، ده‌توانین هه‌مان شت له سووریا كۆپی بكه‌ین، ئه‌وه ناكرێت. ئێمه هیوادارین له ئه‌نجامدا ئه‌و ئۆتۆنۆمییه‌ی كه باسی ده‌كرێت، ئۆتۆنۆمی بێت بۆ ناوچه‌كه و ده‌سه‌ڵات بدرێته ئه‌و سنووره جوگرافیایه‌ی كه هه‌م كوردی تێدایه و هه‌م عه‌ره‌ب و هه‌م مه‌سیحی. ئه‌وان بتوانن كاره‌كانی خۆیان له‌وێ به‌ڕێوه ببه‌ن. ئه‌مه گرنگه. بۆ نموونه، ئێستا رێككه‌وتنیان كردووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پارێزگاری حه‌سه‌كه ناویان ناردووه بۆ دیمه‌شق و ئه‌وانیش ره‌زامه‌ندییان كردووه. ئه‌مه پێموایه هه‌نگاوێكی زۆر باشه به‌ره‌و پێشه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت ئێمه واقیعی بین و به واقیعی سه‌یری بابه‌ته‌كان بكه‌ین. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی ده‌توانین جێبه‌جێی بكه‌ین چه‌نده؟ قسه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ ژه‌نه‌راڵ مه‌زڵووم و له‌گه‌ڵ ئیلهام خان‌یش وابووه كه له‌م قۆناخه‌دا، كورد، واته ئه‌وانیش، ده‌بێت جددی بن له جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه ئێستا له‌گه‌ڵ دیمه‌شق كردوویانه.
رووداو: جه‌نابی سه‌رۆك، به‌ڕێز سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی، به‌ڕێزتان و به‌ڕێز كاك مه‌سروور رۆڵێكی گرنگتان هه‌بوو. هه‌موو گه‌لی كوردستان و هه‌موو حیزبه‌كانی كوردستان پشتیوانی و یه‌كده‌نگییه‌كی به‌هێزیان بۆ رۆژئاوای كوردستان هه‌بوو. ئایا ئه‌و یه‌كده‌نگییه جێگه‌ی سه‌رنجی به‌رپرسانی جیهان بوو؟
نێچیرڤان بارزانی: به‌ڵێ، جێگه‌ی سه‌رنج بوو. بێگومان من ده‌مه‌وێت سوپاسی هه‌موو گه‌لی كوردستان بكه‌م له هه‌موو شوێنێك. كورد له هه‌ر شوێنێك بێت، ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه بوون، له ناوخۆ، له وڵاتانی دیكه، هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته یه‌كده‌نگ بوون. ئه‌و یه‌كده‌نگییه‌ی كورد بۆ پشتیوانی له رۆژئاوا زۆر كاریگه‌ر بوو. له‌م پرۆسه‌یه‌دا، جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، كاك مه‌سروور، به‌نده و هه‌موومان ئه‌وه‌ی پێمان كراوه بۆ سه‌قامگیریی سووریا، به‌ڕاستی درێخیمان نه‌كردووه. هه‌ر یه‌ك به‌پێی پێگه و شوێنی خۆی، ئێمه هه‌موومان هه‌وڵێكی جدیمان داوه. به نیسبه‌ت ئێمه‌وه، ئه‌وه نییه كه منه‌تیان لێ بكه‌ین، به‌ڵكو ئێمه ئه‌ركی خۆمانمان بۆ خوشك و براكانمان له سووریا به‌جێ گه‌یاندووه.
رووداو: لێره سه‌رۆك و به‌رپرسه‌كان زۆر باسی رۆڵی به‌ڕێزتانیان كرد و گوتیان رۆڵێكی گرنگتان گێڕاوه. هه‌موویان ده‌ستخۆشییان لێ كردیت. هه‌ندێكیان به منیان گوت، "كه جه‌نابی سه‌رۆكتان هه‌بێت، كه‌سی دیكه‌تان پێویست نییه." پرسیارێكی دیكه‌م هه‌یه، جه‌نابی سه‌رۆك، ئایا یه‌كێتی و پارتی هه‌فته‌ی داهاتوو كۆده‌بنه‌وه؟
نێچیرڤان بارزانی: تاوه‌كو ئێستا ئێمه دوو كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كردووه. جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی نزیكه‌ی 10 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كاك بافڵ كرد. رۆژی چوارشه‌ممه، پێش ئه‌وه‌ی من بێم بۆ ئێره، من كۆبوونه‌وه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ كاكه بافڵ هه‌بوو و دوای ئه‌وه‌ش كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر باشی له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆكدا هه‌بووه. ئێمه مه‌بده‌ئییه‌ن رێككه‌وتووین كه ئه‌م كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وام بن و به‌ڕاستی هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه، كۆبوونه‌وه‌ی باش بوون. واته، ده‌توانم بڵێم كۆبوونه‌وه‌كان خراپ نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌مه ئیشی ده‌وێت. ئه‌وه نییه بڵێین گه‌یشتووینه‌ته رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر هیچ شتێك، به‌ڵام هه‌ر خودی كۆبوونه‌وه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی كه كران، من پێموایه شتێكی باش بوو. ئێمه خه‌ریكه به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چین به ئاراسته‌یه‌كی راستدا. ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ی ئێمه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن تاوه‌كوو ده‌گه‌ینه خاڵێكی هاوبه‌ش و ئینشائه‌ڵڵا كه خێری هه‌موو كوردستانی تێدا بێت.
رووداو: به‌ڵام هێشتا له‌سه‌ر یه‌ك به‌ربژێر بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار رێكنه‌كه‌وتوون؟
نێچیرڤان بارزانی: نه‌خێر، تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر ئه‌وه رێكنه‌كه‌وتووین.
رووداو: دوایین پرسیارم له به‌ڕێزتان ئه‌وه‌یه، كۆبوونه‌وه‌كانتان له میونشن ئه‌م ساڵ چۆن ناو ده‌به‌یت؟ چونكه به‌ڕاستی ئه‌م ساڵ جیاواز بوون له پار.
نێچیرڤان بارزانی: ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كان بكه‌یت، كۆبوونه‌وه‌كان زۆر باش بوون. بابه‌ته‌كه شه‌خسی نییه، ئێمه نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی خۆمان ده‌كه‌ین و سه‌ربه‌رزین به‌وه‌ی كه جیهان به‌و شێوه‌یه رێز له گه‌لی كوردستان ده‌گرێت. ئه‌وه جێی شانازییه بۆ ئێمه كه له‌م پۆسته‌داین و ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی ئه‌و خه‌بات و ماندووبوونه‌ی گه‌لی كوردستانه به شێوه‌یه‌كی گشتی. من پێموایه ئاستی كۆبوونه‌وه‌كان و ئه‌و گرنگییه‌ی كه بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، جێی شانازیی هه‌موومانه.
رووداو: به‌ڵام چونكه ئێستا ناوچه‌كه به‌ڕاستی له‌ژێر مه‌ترسیدایه...
نێچیرڤان بارزانی: به دڵنیاییه‌وه، سیاسه‌تی ئێمه ئه‌وه‌یه كه ناوچه‌كه له‌ژێر مه‌ترسیدایه، به‌ڵام له راستیدا ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌م بابه‌تانه به گفتوگۆ و به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بكرێن. ئێمه ته‌سه‌ور ناكه‌ین شه‌ڕ هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بكات. ئێمه ده‌مانه‌وێت كێشه‌كان به ئاشتی چاره‌سه‌ر بكرێن.
رووداو: به‌ڕێز جه‌نابی سه‌رۆك، زۆر زۆر سوپاس كه له‌گه‌ڵماندا بوویت.
PM:09:20:16/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 240
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت