تۆم باراک سوپاسی مەسعود بارزانی کرد
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 30ی کانونی دووەمی 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان مەسعود بارزانی, سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و تۆم باراک، نیردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سوریا ئەنجام درا.
بارەگای بارزانی ناوەڕۆکی پەوەندییەکەی بڵاوکردەوە کە تیادا هاتووە، "لە پەیوەندییەکەدا تۆم باراک بە ناوی خۆی و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی مەسعود بارزانی کرد بۆ ئەو رۆڵ و هەڵوێستە بەرچاوانەی لە هێنانەدی ئاگربەست و پشتیوانی دیالۆگ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا خستویانەتەڕوو".
هەروەها تۆم باراک رۆڵی مەسعود بارزانی لە هێنانەدی رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرز نرخاند.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مەسعود بارزانی وێڕای سوپاس و پێزانینی تایبەتیی خۆی بۆ سەرۆکی ئەمریکا و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە رۆڵیان هەبووە لەوەی لەڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، پشتیوانیی خۆیشی بۆ رێککەوتنی ئەمڕۆ هەینی 30ی کانونی دووەمی 2026 دەربڕی، ئەویش لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی، مەسعود بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ تۆم باراک هەبوو بۆ ئەو رۆڵە کاریگەرەی کە بۆ گەیشتن بە رێکەوتن و ئاشتی لە ناوچەکە بە گشتی و سوریا بە تایبەتی هەیەتی.
پەیوەست بە بارودۆخی عێراقیش تۆم باراک داوای لە مەسعود بارزانی کرد کە لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراقدا رۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆی بگێڕێت.
هەروەها مەسعود بارزانی جەختی کردەوە کە مەرجی سەرەکیی سەقامگیری و چارەسەری کێشەکان، جێبەجێکردنی دەستوور و پابەندبوونە بەوەی پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بڕیار لە چارەنوسی عێراق بدەن و سەروەری عێراق بپارێزن.
PM:05:53:30/01/2026
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت