وێستگەنیوز_
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی بەشێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی و نادەستووری بڕیاری راگرتنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشارخستەسەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانی پێشکەوتن بووەستێت".
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دامەزراوەی ڤیزت کوردستان دەڵێت، "بەرپرسانی بەغدا دەبێ بزانن عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە، هەرێمی کوردستانیش قەوارەیەکی دەستووری و یاساییە".
هەروەها خەڵکی هەرێمی کوردستانی دڵنیا کردەوە و رایگەیاند، "دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین".
مەسرور بارزانی وتی: ئێمە هەموو پابەندییەکانی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەوە جێبەجێمان کردووە، چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرامبەردا مافەکانی خەڵکی کوردستان بدرێت، بەڵام بەداخەوە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو ڕێککەوتنانەش ناگیرێت کە ئیمزایان کردووە.
هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی، بەرپرسانی بەغدا دەبێت بزانن، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە، هەرێمی کوردستانیش بەپێی دەستوور، قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە، دەبێت لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت، نەوەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان کە لەسەدەی ڕابردوودا ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدا لە بەغدا، بە ئاگر و ئاسن، لەگەڵ بەکارهێنانی هەموو چەکێک ڕووبەڕووی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوونەوە، بەڵام ئەم سیاسەت و ڕەفتارانە جگەلە ماڵوێرانی و وێرانکاریی، هیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە، بۆیە هیوادارم بەرپرسانی بەغداش واز لەو سیاسەتە چەوتەی برسیی کردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بێنن، چونکە هیچ سوودێک و ئەنجامێکی نابێت.
مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد: لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە بەردەوام دەبین، هیوادارین لە کاتێکی زوودا، بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت.
PM:09:16:10/06/2025
ئهم بابهته 1304
جار خوێنراوهتهوه