قوباد تاڵه‌بانی: له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولادایه ئاسمانی توركیا به‌ڕووی سلێمانی بكرێته‌وه
وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری توركیا و سه‌رۆكی پارتی ئاینده، رایگه‌یاند كه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولادایه ئاسمانی توركیا به‌ڕووی سلێمانی بكرێته‌وه، ده‌شڵێت: "هه‌رێمی كوردستان خوازیاره له هه‌موو روویه‌كه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیادا به‌هێزتر بكات".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری توركیا و سه‌رۆكی پارتی ئاینده كۆبووه‌وه و پێكه‌وه پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا و چونییه‌تی به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولایان تاووتوێ كرد.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "له ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه رۆژی دووشه‌ممه (19/5/2025) به‌ڕێوه‌چوو، داودئۆغڵوو باسی له هاوڕێیه‌تی 20 ساڵه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مام جه‌لال كرد و په‌رۆشی و هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لالی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی كێشه‌كان له كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه و به تایبه‌تێش پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا بیرهێنایه‌وه".
ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه "له ته‌وه‌رێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاڵۆگۆڕی بیروڕاكرا سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا. هه‌ردوولا هاوڕابوون له ئاشتیدا هیچ لایه‌نێك دۆڕاو نییه".
جه‌ختیشیان كرده‌وه له "گرنگیی پابه‌ندیی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به هه‌نگاونانی پێویست بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه".
له‌مباره‌یه‌وه قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی ئاشتی نه‌ك ته‌نها بۆ هه‌ردوو گه‌لی كورد و تورك له توركیا به‌ڵكو له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو ناوچه‌كه‌دایه، هه‌ربۆیه پێویسته هه‌موو لایه‌نێك یارمه‌تیده‌ر و هاوكاربن له سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌دا.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له پێویستیی كاری هاوبه‌ش كرا بۆ به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی توركیا. جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد هه‌رێمی كوردستان خوازیاره له هه‌موو روویه‌كه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیادا به‌هێزتر بكات.
قوباد تاڵه‌بانی وتیشی: "له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولادایه كه هه‌رچی زووتر ئاسمانی توركیا به‌ڕووی گه‌شته ئاسمانییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانیدا بكرێته‌وه".
PM:07:43:19/05/2025
ئه‌م بابه‌ته 484
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت