رێبوار تەها لە کۆڕبەندی دێڵفی: کەرکوک دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی بازرگانی بەهێز بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز-

پارێزگاری کەرکوک رایدەگەیەنێت،کارکردن لە کەرکوک ئاسان نییە، ئاماژە بەوەشدەکات، شاری کەرکوک بەلای ئێمەوە پرۆژەیە بۆ هەموو پێکهاتەکان.


ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئایاری 2025، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک لە پانێڵێکدا لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی رایگەیاند، "کارکردن لە کەرکوک ئاسان نییە، بەڵام بۆ من ئاسان بووە کار لە کەرکوک بکەم، چونکە پێش پرۆسەی ئازادی لە کەرکوک ژیاوم شارەزایی تەواوم لە پێکهاتەکانی کەرکوک هەیە، هەروەها خێزانەکەشم هەر لە کەرکوکە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "شاری کەرکوک بەلای ئێمەوە پرۆژەیە بۆ هەموو پێکهاتەکان، حکومەتی کەرکوک حکومەتی عەرەب و تورکمان و کریستیان و کوردە".

پارێزگاری کەرکوک وتی، "ئاسانکاریمان بۆ کۆمپانیاکانی نەوت کردووە بێن وەبەرهێنان لە کەرکوک بکەن، لەوانەش بوونی کۆمپانیای بی پی بەریتانی لە کەرکوک گرنگە، چونکە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکوک بەرزدەکاتەوە و دەبێتە هۆکارێک بۆ زیادکردنی هەلی کار بۆ گەنجان".

وتیشی، "دەبێت لە بواری تیرۆردا بە تەکنیک و عەقڵ کاربکرێت، هەروەها هەمانگی هێزە ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر گرنگە".

رێبوار تەها دەڵێت، "کەرکوک دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی بازرگانی بەهێز بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان".


PM:04:36:19/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت