لەیلا عومەر: ساڵی داهاتوو شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەخرێتە خزمەت خەڵکەوە


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ دووەمین رۆژی کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، تێیدا لە پانێڵێکدا، لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، شارەوانی خاوەنی ماستەرپلانێکی پڕ زانیارییە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی بیانییەوە بە توێژینەوەیەکی گەورە، ئەم ماستەر پلانە دانراوە. کاتێک وەبەرهێنەر یان بازرگانێک داوای سێکتەرێک و یاخود دابینکردنی زەوییەک بکات، راستەوخو لە ماستەرپلانەکەدا سەیری دەکەین و پێویست ناکات دیراسەی بۆ بکەین کە چی جێگەیەک گونجاوە چونکە هەموو بەشەکانی، گەشتیاری، کشتوکاڵی، بازرگانی و وەرزشی و پەروەردەیی تێدایە، لەگەڵ ڕێڕەوەکانی ئاودا.

لەیلا عومەر باسی لەوەشکرد، شارەوانی سلێمانی خاوەن GISـێکی پڕ زانیارییە، کە ئەمە بووەتە بنەمایەک بۆ کارەکانی رۆژانەی شارەوانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، ئەنجوومەنی شارەوانی بووەتە هۆی کارئاسانی بۆ بازرگانان و بەرچاویان ڕووندەبێت کە ئەو زەویەی پێی دەدرێت لە کوێیە و چی تێدایە.

ئاشکراشی کرد کە، کاریان کردووە کە شەقام و پرد و بەرزە پرد و نزمە پرد دروستبکەن بەو پێیەی سلێمانی "خاوەن ماستەرپلانی ترافیکە". وەک قۆناغی یەکەمیش، بە بڕی 70 ملیار دینار چەندین پرد و بەرزەپرد دروستکراوە.  

جەختیشی کردەوە لەوەی، "کارمان کردووە ئەو زەویەی دەدرێتە بازرگان کەمترین کێشەی تێدابێت."

بە وتەی لەیلا عومەر، سلێمانی خاوەنی گەورەترین پارکی ناوچەیە کە نزیکەی پێنج هەزار دۆنم سەوزایی هەیە و لە هەوڵداین بۆ فراوانکردنی رووبەرەکەی کە چەندین پرۆژەی گەشتیاری لەخۆی دەگرێت.

وتیشی: شەقامی 100 مەتری قۆناغی باشی بڕیوە و لە ساڵی داهاتوودا دەخرێتە خزمەت خەڵکەوە.


PM:12:26:19/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو