نێچیرڤان بارزانی: رۆڵی پزیشکیان یارمەتیدەر بووە لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە سنوورییەکان


وێستگەنیوز_

نوسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەوە؛ و لە کۆبوونەوەکەدا پزیشکیان جەختی لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاندووە، "ئێمە بەڕاستی ئێوە بە برای خۆمان دەزانین."
 
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لە دیدارەکەدا خۆشحاڵیی خۆی لە ئاستی بەرزی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستانی دەربڕی و وتی، "ئێمە بەڕاستی ئێوە بە برای خۆمان دەزانین، پێمانوایە لە رێگەی هاوکاری و کاری هاوبەشەوە دەتوانرێت هەنگاوی گەورە و کاریگەر بەرەو گەشەکردن و گەشەپێدانی ناوچەکە بنرێت."
 
ئاماژە بەوەشکراوە، "سەرۆک کۆمار فراوانکردنی ئاڵوگۆڕ و هاوکاریی لە پرسەکانی سنووری، بازرگانی، ئابووری، زانستی، کولتووری و وەبەرهێنان وەکو بوارە گرنگەکانی هاوکاریی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق خستەڕوو، جەختی لە بەکارهێنانی ئەو توانایانە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردەوە."
 
پزیشکیان باسی لەوەشکردووە، "کێشە نەتەوەیی و ئایینییەکان، پیلانی ناحەزانە بۆ رێگریکردن لە هاوکاری و پێشکەوتنی گەلان و حکومەتەکانی ناوچەکە، پێویستە لە رێگەی هاوکاری و کارلێکی زیاترەوە بەسەر ئەو پیلانانەدا زاڵ بین."
 
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لای خۆیەوە نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای سەردانی پزیشکیان بۆ کوردستان، پێشکەوتنی بەرچاومان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا بینیوە. ئەو گەشتە بڕگەیەکی گرنگ و متمانەبەخش بوو، پەیوەندییەکانی ئێمەی لە هەموو ئاست و بوارەکاندا بەرز کردەوە."
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوولا کردووە و دەڵێت، "لە بواری پرسە ئەمنییەکان، هاوکارییەکان بە باشی بەڕێوەدەچن، بە جەختکردنەوە و بەدواداچوونی بەڕێزتان، بەم زووانە کۆبوونەوەیەک لەنێوان پارێزگارانی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. هەروەها رۆڵی ئاسانکاریی بەڕێزتان یارمەتیدەر بووە لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە سنوورییەکان."
 
سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران دەڵێت؛ نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی زۆری بۆ هاوکاری و مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەتایبەت لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان هەیە.
 
نێچیرڤان بارزانی، بە سەردانێکی فەرمی لە تارانی پایتەختی ئێرانە و دوای ئامادەبوونی لە "کۆڕبەندی دیالۆگی تاران"، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە.


AM:09:44:19/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو