ورده‌كاری رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم راگه‌یه‌ندرا
وێستگه‌نیوز-
سه‌رچاوه‌یه‌ك رێككه‌وتنی نوێی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان ئاشكراكرد.
ئاژانسی به‌غداد ئه‌لیه‌ومی عێراقی له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه كه به ئاگادار ناوی بردووه، بڵاویكرده‌وه كه "دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و مه‌سرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه له‌نێوان بافڵ تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكرات ئه‌نجامدراوه و رێككه‌وتن بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان كراوه".
سه‌رچاوه‌كه كه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه، ده‌ڵێت: "به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه، "پۆسته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌بێت".
وتیشی: "یه‌كێتی پۆسته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به ده‌سه‌ڵاتی فراوانتر و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و وه‌زاره‌تی پلاندانان وه‌رده‌گرێت".
پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی ئاگادار رایگه‌یاندبوو كه هه‌نگاوه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكردووه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه وتبووی كه "هه‌نگاوه‌كانی ئه‌نجامدانی دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكردووه، به‌ڵام یه‌كه‌م به‌ربه‌ست كه له‌به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌تدا، داواكاری نه‌وه‌ی نوێیه بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ".
به‌گوێره‌ی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان له پێشه‌نگی ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بوو.
پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر له 800 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و له پێش یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان (زیاتر له 400 هه‌زار ده‌نگ) و جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی ئۆپۆزسیۆن (زیاتر له 200 هه‌زار ده‌نگ) كه‌وت.
AM:10:51:17/01/2025
ئه‌م بابه‌ته 11944
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت