ھه‌نگاوه‌كانی پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی ھه‌رێم له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت


وێستگه‌نیوز-
دوای ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردن و په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان واده‌ی‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ دیاری‌ كرد تا له‌وێوه‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی ھه‌رێم له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ ده‌ستپێبكات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ی تشرینی دووه‌می 2024، دڵشاد شه‌هاب، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا فه‌رمانی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی بۆ ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند و وتی، "كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆی‌ رۆژی دووشه‌ممه‌، 2ی كانوونی یه‌كه‌می 2024، یه‌كه‌م دانیشتنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

به‌پێی‌ مادده‌ی 47 له‌ یاسای ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، یه‌كه‌م دانیشتن به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندام ده‌به‌ستێت و ئه‌ندامه‌كانی تر سوێندی یاسایی ده‌خۆن.

به‌پێی (مادده‌ی 48 له‌ ھه‌مان یاسا)، له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌ماندا به‌ ده‌نگدانی نھێنی و به‌ ده‌نگدانی زۆرینه‌ی ره‌ھای ئه‌ندامان، سه‌رۆك و جێگر و سكرتێری په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت.

ئه‌گه‌ر 45 رۆژ به‌سه‌ر بانگھێشتنامه‌كه‌ی سه‌رۆكی ھه‌رێمدا تێپه‌ڕی و په‌رله‌مان یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجام نه‌دا، ئه‌وا به‌پێی بڕگه‌ی ( 4 له‌ مادده‌ی 10ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی ھه‌رێم)، په‌رله‌مان ھه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

له‌ دوای 30 رۆژ له‌ ھه‌ڵبژاردنیان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌رگای خۆپاڵاوتن بۆ ھه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ھه‌رێم ده‌كاته‌وه‌ دوای ئه‌و ماوه‌یه‌، بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ ناوی كاندیده‌كان وه‌رده‌گرێت و ماوه‌ی دوو رۆژیش ناوه‌كان راده‌گه‌یه‌نێت، دواتر له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا تانه‌كان بنه‌بڕ ده‌كات، ئینجا سه‌رۆكی ھه‌رێم به‌ ده‌نگدانی ئاشكرا و به‌ ده‌نگدانی زۆرینه‌ی ره‌ھای ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ھه‌ڵده‌بژێردرێت.

دواتر په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق به‌پێی (خاڵی سێ له‌ مادده‌ی 56ی یاسای ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان)، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ستنیشان ده‌كات بۆ پێكھێنانی كابینه‌ی نوێ، ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان یان كه‌سانی دیكه‌دا، دواتر سه‌رۆكی ھه‌رێم داوای لێده‌كات كه‌ له‌ ماوه‌ی 30 ڕۆژدا كابینه‌كه‌ی پێكبھێنێت.

به‌پێی (خاڵی سێ له‌ بڕگه‌ی چواره‌می مادده‌ی 10ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی ھه‌رێم)، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان متمانه‌ی به‌ سێ كابینه‌ی وه‌زاریی یه‌ك به‌دوای یه‌كی جیاوازدا نه‌كرد، ئه‌وا په‌رله‌مان ھه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.


PM:03:42:26/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت