بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت شاندێکی پارتی سەردانی یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان دەکات


وێستگەنیوز_

میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندیی حزیبەکەیان رایگەیاند، "لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت شاندێکی پارتی سەردانی یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان دەکات."

ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2024، میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندیی حزیبەکەیان راگەیاند، "هەفتەی داهاتوو شاندێکی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت سەردانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکات."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا، "پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەردانی چەند لایەنێکی سیاسی کردووە بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێ، لەم سەردانەی هەفتەی داهاتووشیدا دەیەوێت بە زووترین کات کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێندرێت و زۆرترین لایەن تێیدا بەشداری بکەن."

هاوکات سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد "دوای سەرژمێری گشتی دانیشتووان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە شێوەیەکی فەرمی ئەنجامی تانەکان ڕادەگەیەنێت و ئەو کات بەرچاو ڕوونییەکی زیاتر بۆ لایەنە سیاسییەکان دروست دەبێت لەبارەی هەنگاوی داهاتوویان."

ئەمە لە کاتێکدایە، 20ی تشرینی یەکەمی 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، کە بەسەر هەرچوار بازنەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابەش ببوون.

بەڵام لە ئێستادا تەنیا سێ لایەن بە فەرمی لەلای خۆیانەوە باسیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، "پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگەی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو حزبەوە داوا دەکات، حکومەتی داهاتوو بنکەفراوان بێت و بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بێت."

لای خۆشییەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "بۆ کابینەی داهاتوو نابێت بەشدار بین بەڵکو دەبێت هاوبەش بین لە هەموو جومگەکانی دەسەڵات و بڕیارداندا."

نەوەی نوێش دەڵێت، "بە مەرجی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران بەشداریی لە حکومەت دەکەین."

هاوکات، هەر یەکە لە حزیبەکانی، گۆڕان، یەکگرتوو، ڕەوتی هەڵوێست ڕەتیانکردووەتەوە بەشداریی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بکەن.


PM:04:11:19/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت