وەزیری پلاندانانی هەرێم: هەر کەرکوکییەک لەکاتی گەڕانەوەی شوێنی مانەوەی نەبوو هاوکاری دەکەین


وێستگەنیوز-

وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەر هاوڵاتییەک بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە کەرکوک و شوێنی مانەوەی نەبێت هاوکاریی دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2024، دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەبێت هاوڵاتییان ئەوە بزانن کە ئەم سەرژمێرییە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و داتاکانی لە داهاتوودا بەکاردەهێنرێت، پێویستە ئەوانەی دانیشتووی هەرێمی کوردستانن هاوکاریی بژمێرەکان بن، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی کورد دەشكێتەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "شەڕی ئێمە لەسەر کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانە، داوا لە هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە دەکەین ستەم لە خۆیان و لە مێژوویان و لەو میراتەی باو و باپیرانیان بۆیان جێهێشتوون نەکەن، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ئەمڕۆ دوا دەرفەتە".

وتیشی، "دەبێت هەر کەرکوکییەک لە هەر شوێنێک بێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی، هیچ کەرکوکییەک نییە خزمێک کەسێکی لە کەرکوک نەبێت ئەم چەند رۆژە بچێتە ماڵەکەی، ئەگەر هەر نەبوو کەسێک پێویستی کرد لە هۆتێل بمێنێتەوە ئێمە وەک حکومەت هەموو جۆرە هاوکارییەکی دەکەین".

بڕیارە رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.




AM:10:23:19/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت