مه‌سرور بارزانی‌ و باڵیۆزی‌ به‌ریتانیا جه‌ختیان له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له‌ زووترین كاتدا كرد


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیكردنی‌ له‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا رایگه‌یاند كه‌ ڤیتۆیان له‌سه‌ر به‌شداریكردنی هیچ لایه‌نێك نییه‌ له‌ حكومه‌تی‌ داهاتوودا، هه‌ردوولاش جه‌ختیان له‌ گرنگیی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له‌ زووترین كاتدا كرد.

 
ماڵپه‌ڕی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11/6، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ ستیڤن هیچن، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌وڵ و ئاماده‌كارییه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ و بارودۆخی گشتیی عێراق و دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تاووتوێ كرا.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ "باڵیۆزی به‌ریتانیا ستایشی پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی كرد، كه‌ له‌ دۆخێكی ئارام و ڕێكوپێك به‌ڕێوه‌چوو، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌شی له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت كرد".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ "هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له‌ زووترین كاتدا كرد".

لای‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ "ڤیتۆمان له‌سه‌ر به‌شداریكردنی هیچ لایه‌نێك نییه‌ و خوازیاری حكومه‌تێكی گشتگیر و به‌هێز و یه‌كگرتووین له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان".

دابینكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم، به‌شێكی دیكه‌ی گفتوگۆكان بوو.


PM:06:48:06/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت