سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان: با حکومەت هاوکارمان بێت نەک دژایەتیمان بکات
وێستگەنیوز-
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوا دەکات حکومەتی هەرێم هاوکاریان بکات نەک دژایەتیان بکات، ئاماژە بەوەشدەکات، لەماوەی شەش مانگدا 80 ملیار دینار زیان بە کەرتی پەلەوەر گەیشتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2024، نازم عەبدوڵڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە وێستگەنیوزی رایگەیاند، "لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵەوە تا سەرەتای مانگی 11 واتا لە ماوەی شەش مانگدا ئەگەر چوار هەزار هۆڵ بەنمونە وەربگرین کە بەرهەمەمهێنانی مریشکەکانیان بە زەرەر فرۆشراوە هەر هۆڵێک 20 ملیۆن زیانی بەرکەوتووە کە دەکاتە 80 ملیار دینار، بەڵام زیانەکان زیاترن لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاست ئەم کەرتە هەر بێ دەنگە".
لەبارەی کێشەکانی بەردەم کەرتی پەلەوەر نازم عەبدوڵڵا وتی، "ئێمە کێشەی بەبازاڕکردن و بەردەوامی نەخۆشی ڤایرۆسی و گرانبونی سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف و گرانبوونی نرخی جوچکمان هەیە کە هیچ لایەنێک هاوکاری تەواوی کەرتی پەلەوەر ناکات".
ئاماژەی بەوەشدا، "رێگە نەدان بە رۆشتنی مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ خوارووی عێراق، ئەمەش گەرەترین کێشەیە بۆ خاوەن کێڵگەکان دروستبووە کەڕێگە نادرێت مریشکی زیندوو لە بازگەکانی حکومەتی عێراقەوە بەف ەرمی بڕوات ئەمەش زیانی زۆری لەسەر فرۆشتن و بەرهەمهێنان هەیە".
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان نیگەرانە بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کەماوەی چەندین ساڵە ئەم داواکاریانەیان ئاراستە دەکات و هیچ هەڵوێستێکیان نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
نازم عەبدوڵڵا وتیشی، "حکومەتی هەرێم پێی خۆشە ئەم کەرتە بەتەواوی نەمێنێت تا مریشکی بەستوو زیاتر هاوردەبکەن و پارەی هەرێم بڕواتە دەرەو، لەکاتێکدا کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە 45 ملیار دۆلاری بەگەر خستووە لە کەرتی پەلەوەردا زیاد لە 400 هەزار هەلی کاری رەخساندووە، هەربۆیە حکومەتی هەرێم پێویستە هاوکاریمان بکات نەک دژایەتیمان بکات".
AM:10:12:05/11/2024
ئهم بابهته 836
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت