ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ڕادەگەیەنرێت


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان رادەگەیەندرێت.

بڕیارە کاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسینگەی سەرەکی خۆی لە هەولێر، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندرێت.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان 21ی تشرینی یەکەمی 2024، 24 کاتژمێر دوای دەنگدانی گشتیی لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن، ئەنجامی بەرایی ڕاگەیاند و ئاماژەیدا، ڕێژەی بەشداری کردن لە دەنگدان و هەڵبژاردن %70 بووە.

رۆژی هەینی 18ی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری زیاتر لە 215 هەزار کەس لە ئەندامانی هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس و هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، هەروەها یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو.

هەتا ئێستا، بە گوێرەی ئامارەکانی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، لە کۆی 100 کورسی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کە 95 کورسی بۆ لایەنە سیاسییەکان و 5 کورسیش بۆ پێکهاتەکانە، دابەشبوونەکەش بەمشێوەیە بوو:

 پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی

جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی 

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی

ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی

بەرەی گەل: 2 کورسی

بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی

هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی

کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی


AM:09:23:30/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت