یەكگرتوو: بەشداری كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی کوردستان ناكەین


وێستگەنیوز-


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 26/10/2024 بە سەرپەرشتی مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو لە شاری هەولێر كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.


لە كۆبوونەوەكەدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە وتەیەكدا راڤەی بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكەی كرد و پێشهات و گۆرانكارییەكانی خستەروو، و جارێكی تر ئیدانەی ئەو جینۆساید و كۆمەڵكوژیەی خەڵكی غەززە و لوبنانی كرد كە لەلایەن سوپاسی داگیركاری ئیسرائیلەوە زیاتر لە ساڵێكە ئەنجام ئەدرێت، هەروەها ئیدانەی هێرشەكانی شەوی رابردووی ئیسرائیلی كرد بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران كە دەبێتە مایەی تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە.


لە تەوەرەیەكی تردا هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا، و گفتوگۆ كرا لەسەر ئەو كەموكوڕتی و خروقاتانەی لەپرۆسەكەدا روویانداوە و دەزگای هەڵبژاردن راسپێردرا كە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی تر بەدواداچوونیان بۆ بكات، و كاری پێویست لەم بارەیەوە ئەنجام بدات، هەر لە كۆبوونەوەكەدا بەكۆی دەنگ بڕیاردرا كە یەكگرتوو بەشداری نەكات لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم و درێژە پێدەری رەوتی ئۆپۆزسیۆنی خۆی بێت لە پەرلەمانی كوردستان.


سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا ئەنجومەنی جێبەجێكردن دووپاتی كردەوە كە پێشوازی دەكات لەو هەوڵانەی كە لە ئێستادا بەرێوەدەچن بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دابینكردنی مافەكان بە گفتوگۆو دانوستان.


لەبەشێكی تردا كۆبوونەوەكەدا باس لە ئامادەكارییەكان كرا بۆ بەستنی كۆنگرەی نۆیەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.




PM:05:35:26/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو