قوباد تاڵەبانی: دەبێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی بکرێت


وێستگەنیوز-

لە درێژەی سەردانەکانی بۆ گوندەکان، قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ناحیەی بنگرد و گوندی شارستێنی بەسەر کردەوە و کۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجامدا.


لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی لە جیاوازی هەڵبژاردنی ئەمجارە و هەروەها جیاوازی یەکێتیی ئێستا لەگەڵ چەند ساڵی رابردوو کرد و رایگەیاند، یەکێتی بە تەواوی بەو قەناعەتە گەیشتووە کە ناکرێت حکومڕانی بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت و دەبێت گۆڕانکاری بنەڕەتی بکرێت تا هەم بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچە جیاوازەکان بکرێت و هەم بە گەڕاندنەوەی هیوا و متمانە بۆ خەڵک دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان بپارێزین.

روونیشی کردەوە، "پێشتر یەکێتی بەهۆی باڵباڵێن و فرە ئاراستەیی نەیدەتوانی سیاسەتێکی روون و شەفافی هەبێت و بە جۆرێک لاواز ببوو کە کەرەستەی پێویستی نەبوو بۆ گۆڕانکاری و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەڵام لە سێ ساڵی رابردوودا بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، یەکێتی بە بەردەوامی خەریکی رێکخستنەوەی ناوماڵی خۆی و خۆبەهێزکردن بووە و ئێستا بووەتەوە بە هێزێکی خاوەن بڕیار و یەک ئاراستە و لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکە حیسابی تایبەت بۆ بڕیار و سیاسەتی یەکێتی دەکرێت".

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، "یەکێتی ئەمجارە دەیەوێت بە تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە لەم هەڵبژاردنەدا رێڕەوەی حکومڕانی راست بکاتەوە و کۆتایی بە خۆسەپێنی بهێنێت و حکومەت و هەموو دامەزراوەکانی حکومڕانی بخاتە خزمەتی خەڵکەوە".

وتیشی، "وەکچۆن لە سەردەمی شۆڕشدا گوندەکان پشتوپەنای یەکێتی بوون، ئەم یەکێتییەی ئێستاش گەڕاوەتەوە سەر هەمان رێچکە و چاوی لەوەیە بە پشتبەستن بە دەنگ و ئیرادەی گوندنشینەکان و چینە جیاوازەکانی دیکەی کۆمەڵگا، هەنگاوبنێت بەرەو ئەو گۆڕانکارییە مەزنەی کە چەندین ساڵە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی دەکەن و داوای دەکەن".

بانگەشەی هەڵبژاردن، لە 25ی ئەیلولی 2024مەوە دەستپێکردوە و تا بەرەبەیانی رۆژی 16ی تشرینی یەکەمی 2024 بەردەوام دەبێت، بڕیارە رۆژی 20ی تشرینی یەکەی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.


PM:01:29:06/10/2024










ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت