مەسرور بارزانی: وڵاتمان تەنیا بە قسە و بەڵێن بەڕێوەناچێت


وێستگەنیوز_

مەسرور بارزانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی دهۆکدا رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ داهاتووی کوردستان مێژووی دەبێت، "داواتان لێدەکەم هەمووتان بەشداریی بکەن لەم دەنگدانە."

ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی دهۆک کۆبووەوە و لە وتارێکدا ڕایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە ڕووداوێکی هەستیار و مێژوویی دەبێت بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی وتیشی: "هەڵبژاردنی ئەمجارە لەکاتێکدایە نازانین دۆخی ناوچەکە بە کوێ دەگات. هەروەها بڕیاری بەشداریکردن لە هەڵبژاردن چارەنووس دیاری دەکات."

جەختیشی کردەوە لەوەی، "بیرۆکەی بەشداریی نەکردن لە هەڵبژاردن هەڵەیە. هەر بڕیارێک لەم هەڵبژاردنە بدەین چارەنووسی وڵاتی خۆمان دیاری دەکەین، داهاتووی منداڵەکانی خۆمان دیاری دەکەین، بڕیاردانی ئێمە دیاری دەکات دوای ئەم هەڵبژاردنە لە چوار ساڵی داهاتوودا شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بە چ شێوەیەک دەبێت."

لەلایەکی دیکەوە جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد، "پیلان زۆربوون شکست بە جومگەکانی حکومڕانی بهێنرێت، بەڵام بە فشاری ناحەزان زیاتر هەستمان بە پشتیووانی خەڵک کرد."

مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە لەوەی، "وڵاتمان پێویستی بەوەیە بڕیارێکی حەکیمانە بدەین؛ وڵاتمان تەنیا بە قسە و بەڵێن بەڕێوەناچێت."


PM:01:00:06/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت