دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: گومانمان لە سەرژمێری گشتی عێراق هەیە


وێستگه‌نیوزـ

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە بارەی سەرژمێری گشتی عێراقەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، نیگەرانی و گومانی خۆی لە سەرژمێری گشتی عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت: لەلایەک ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە و لەلایەکی تریش مێژووی سەرژمێریەکانی رابردوو ئەزمونێکی تاڵ و کاریگەری خراپیان لەسەر نیشتیمانەکەمان دروست کردووە.


دەستەکە باسی له‌وه‌شكردووه‌، بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە سبەینێ 19ی مانگ لە هەولێر دیدارێکی سیاسی لەگەڵ کۆی هێزە کوردستانییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رێکبخەن و بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم پڕۆسەیە ئەنجام بدەن.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌،


دەقی راگەیەندراوەکە:

وەک لای هەمووان ئاشکرایە ، بڕیارە لە ٢٠/١١/٢٠٢٤ ئەمساڵدا سەرژمێری گشتی دوای چەندین ساڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بێگومان ئەنجامدانی سەرژمێری بابەتێکی گرنگە و ڕاستەوخۆ گرێ دراوی کۆی لایەنە جیاوازەکانی ژیانە و بە هۆیەوە دەوڵەت باشتر دەتوانێ سود لە تواناکانی ببینێ و هۆکارێکی بنچینەیی پێشکەوتنەکانی لەسەر بەندە لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانی کردن لە سەرژمێری کارێکی تەواو راستە.

بەڵام ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بە نیگەرانی و گومانەوە لە ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە ئەڕوانین لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، چونکە لە لایەک ماددەی 140ی دەستوور جێبەجێ نەکراوە و لە لایەکی تریش مێژووی سەرژمێریەکانی رابردوو ئەزمونێکی تاڵ و کاریگەری خراپیان لەسەر نیشتیمانەکەمان دروست کردووە.

بە سوپاسەوە لە دەرئەنجامی هەوڵەکانی وەزارەتی پلان و دەستەی ئاماری هەرێم کاری جدی کرا بە ئاراستەی نەهێشتنی کاریگەری سیاسی لەسەر پرسەکە، بەڵام بە بڕوای ئێمە هێشتا پێویستە بەهەستیارییەوە لەسەر ئەم پرسە بوەستین. بۆیە ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئامادەکاری تەواومان کردووە لە رۆژی 19ی ئه‌یلولی 2024، لە شاری هەولێر دیدارێکی سیاسی لەگەڵ کۆی هێزە کوردستانییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رێکبخەین و بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم پڕۆسەیە ئەنجام بدەین، تواناکانیش یەک بخەین بە ئاراستەی گەڕانەوەی تەواوی ئاوارە و خەڵکی خۆڕاگری ئەو ناوچانە کە ئێستا لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان ئەژین.


PM:03:30:18/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 2112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت