بافڵ تاڵەبانی: هەموو كارئاسانییەك دەكەین تاوەكو ژێرخانی ئابووری هەرێمەكەمان بەهێزتربكەین


وێستگەنیوز-


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ماتسو مۆتۆ، باڵیۆزی یابان لە عیراق کرد.


لەدیدارەكەدا گەشەپێدانی پەیوەندییەكان و فراوانكردنی هەماهەنگییە ئابووری و بازرگانییەكان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان جەختیلێكرایەوە.


بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەو هەل و دەرفەتانە كرد كە لە هەرێمی كوردستان و سلێمانی لەبەردەم سەرمایەداران و وەبەرهێنەراندا رەخسێنراون بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەكانیان و ئاماژەی بەوەكرد، "هەموو كارئاسانییەك دەكەین تاوەكو ژێرخانی ئابووریی هەرێمەكەمان بەهێزتربكەین، بۆ ئەمەش هیوادارین یابان رۆڵێكی گرنگتر و چالاكانەتر بگێڕن و هانی كۆمپانیا و سەرمایەدارانیان بدەن بۆ فراوانتركردنی كارەكانیان".


پەرەپێدانی هەماهەنگییە كولتووری و فەرهەنگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان بەتایبەت سلێمانی كە پایتەختی رۆشنبیرییە لەگەڵ یابان تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و گفتوگۆی پێویستی لەبارەوەكرا.


PM:07:23:16/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت