عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح: هیچ بڕیارێک نیە بۆ دابەشکردنی مووچەی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان

‌عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، سه‌رۆكی ره‌وتی هه‌ڵوێست

وێستگه‌نیوزـ

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، سه‌رۆكی ره‌وتی هه‌ڵوێست رایگه‌یاند، پارتی و یه‌كێتی ئاماده‌نین له‌ داهاتی شه‌ش مانگی رابردوو نه‌وت مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ بده‌ن.

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، له‌ په‌یامێكدا ده‌ڵێت، "هیچ بڕیارێک نیە بۆ دابەشکردنی مووچەی هێزی ئەمنی و سەربازی".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "پارتی و یەکێتی  ئامادەنین لە داهاتی شەش مانگی رابردوی نەوت، ئەو سەدان ملیۆن دۆلاره‌ی بردویانە، دینارێک بدەنە پێشمەرگە".

هاوكات سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی دادگه‌ری له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، "لە پەیوەندیم لەگەڵ د. عەمار سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ بەدواداچوونی وردبینی لیستی هێزە ئەمنییەکان، وتیان: لەئەنجامی وردبینی لیستەکان داوای زانیاریمان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بەهۆی هەبوونی تێبینی لەسەر لیستی هێزە ئەمنیەکان".

سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق ئه‌وه‌شی وتووه‌: "حکومەتی هه‌رێم درەنگ رەزامەند بووە بەپێدانی زانیاری لەسەر لیستەکان بۆ ئەمەش شاندێکی چاودێری دارایی دێتەوە هەرێم و پێویستیان بە 10 رۆژی دیکەیە بۆ تەواوکردنی راپۆرتی وردبینی".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ئەحمەد لەتیف، وتەبێژى هێزەکانى 70ى پێشمەرگە، له‌ لێدوانێكدا بۆ وێستگه‌نیوز وتی: "ئه‌گه‌ر ئه‌و تێبینیانه‌ی بۆ به‌غدا ره‌وانه‌ كراون له‌ باره‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ وه‌ڵام بدرێته‌وه‌ و وردبینی كۆتایی پێبێت، ئه‌گه‌ری زۆره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌ به‌غدا مووچه‌ی مانگی ئایاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بنێرێت".

ئه‌حمه‌د له‌تیف وتیشى: "هێزەکانى پێشمەرگە ماوەى 68 رۆژە مووچەیان دواکەوتووە، ئەوەش بارگرانى دارایى بۆ هێزەکان دروستدەکات کە ئەوەندە رۆژە بێ مووچەبن".

حكومەتى عێراق، رۆژى 4ى تەمووز، بڕى 231 ملیار و 605 ملیۆن دینارى بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى حوزەیرانى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفاکراوان و زیندانیانى سیاسیی و خاوەن پێداویستى تایبەت و خانەنشینانى مەدەنى و سەربازى رەوانەى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان کرد، لە ئێستاشدا دابەشکردنى ئەو ئەو توێژانە بەردەوامە.


PM:02:41:07/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت