گۆڤاری نیوزویك: توركیا باكووری عێراقی داگیركردووه
وێستگه‌نیوز-
گۆڤارێكی ئه‌مریكی وتارێکی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراقی سەبارەت بە جموجۆڵه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سوپای توركیا بڵاوکردەوە کە تیایدا پەلکێشانی ئەمدواییەی تورکیا به "داگیركردنی باكووری عێراق" وه‌سف دەکات، خانمی یەکەمی عێراق ئاماژه به‌وه‌ش دەکات كه دانیشتوانی زیاتر له 500 گوند به ناچاری ئاواره ده‌بن و ناوچه‌كانیان به‌جێده‌هێڵن.
لە وتارەکەی خانمی یەکەمی عێراقدا کە لەژێر ناوی "سەروەری عێراق لە مەترسیدایە. بۆچی کەس قسە ناکات؟" لە گۆڤاری نیوزویک بڵاوکراوه‌ته‌وه، هاتووە: جارێكی تر، قه‌یرانێك له عێراق هه‌ڕه‌شه‌ی تێكدانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه له دوای هاتنه سه‌ركاری سه‌دام حسێن له ساڵی 1979ه‌وه ناسه‌قامگیرییه‌كی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه. ئێستا به‌شێك له دانیشتوانی ئه‌و هه‌رێمه له هێرشه سه‌ربازییه په‌ره‌سه‌ندووه‌كانی توركیای دراوسێ هه‌ڵدێن و ماڵه‌كانیان به‌جێده‌هێڵن و به‌دوای سه‌لامه‌تیدا ده‌گه‌ڕێن."
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد باسی له‌وه كردووه كه "له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا جوڵه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له باكووری عێراق له پێكدادانی سنوورییه‌وه گۆڕاوه بۆ داگیركاری و له‌ئێستادا سه‌روه‌ری عێراق رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بووه‌ته‌وه كه له‌ساڵی 2003ه‌وه تا ئێستا نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته، به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كاتێك هه‌رێمێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ده‌كه‌وێته‌ژێر كۆنترۆڵی سه‌ربازی وڵاتێكی بیانی، به داگیركاریی داده‌نرێت".
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه "دوای هاتنه ناوه‌وه‌ی زیاتر له 300 تانك و 15 هه‌زار سه‌رباز، هێزه‌كانی توركیا له ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی باكووری عێراقدا نیشته‌جێبوون ".
خانمی یەکەی عێراق لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا هۆشداری داوه له روودانی قه‌یرانێكی ئاواره‌بوونی نوێ له عێراق به‌هۆی چوونی سوپای توركیاوه و رایگه‌یاندووه كه "له‌گه‌ڵ جموجۆڵه‌كانی حكومه‌ته‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌ره‌و داخستنی كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كان، قه‌یرانێكی نوێی ئاواره‌بوون له عێراق به‌هۆی چوونی سه‌ربازی توركیاوه ڕووده‌دات و به‌هۆیه‌وه دانیشتوانی زیاتر له پێنجسه‌د گوندی ناوچه سنوورییه‌كان ئاواره ده‌بن".
PM:11:43:04/07/2024
ئه‌م بابه‌ته 1168
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت