چارەسەری كەمئاوی لە هەولێر دەكرێت


وێستگە نیوز-
بە پێی راگەیەندراوێك كە وەزارەتی شارەوانی ئاراستەی وێستگە نیوززی كردووە ئاشكرایدەكات كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر گرێبەستێكمان لەگەڵ كۆمپانیای بای وەتەری بەریتانی كردووە، كە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت.


مەسعود محەمەد كاڕەش بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كە ، بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر گرێبەستێكمان لەگەڵ كۆمپانیای بای وەتەری بەریتانی كردووە، كە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، بە تەواوبوونی قۆناغی یەكەم لە گەڕەكەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی شاری هەولێر تا راددەیەكی زۆر باش كێشەی كەمئاوی نامێنێت و قۆناغی دووەمی ئەو پڕۆژەش قەزای بنەسڵاوە، دارەتوو، كەسنەزان، شاوێس و بەحركەش لەخۆ دەگرێت.

مەسعود محەمەد كاڕەش بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە چارەسەركردنی كەمئاوی لە هەندێ گەڕەكی شاری هەولێر رایگەیاند: یەكێك لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئاماژەی پێ دراوە، دابینكردنی خزمەتگوزارییە و لەو خزمەتگوزارییانەی كە دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی شارەوانی كە ئێمەش بەشێكین لەم وەزارەتە، دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و دروستكردنی ئاوەڕۆی ئاوی باران و ئاوەڕۆی قورسە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش زیاتر لە یەك ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە بۆ دابینكردووە، سەبارەت بە ئاوەڕۆش بە گشتی لە هەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە هەزاران كیلۆمەتر و بە قەبارەی جۆراوجۆر تۆڕی ئاوەڕۆ دروستكراون.

راشیگەیاندووە: بۆ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە دەست بۆ ئاوی ژێر زەوی نابەین تاوەكو ئەو سامانە سروشتییە نیشتمانییە بۆ ئایندە و نەوەكانمان پارێزراوبێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێریش گرێبەستێكمان لەگەڵ كۆمپانیای بای وەتەری بەریتانی كردووە، لە دوو قۆناغ پێكهاتووە و قۆناغی یەكەمی دەستیپێكردووە و لە توانایدا هەیە 1000 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە لە یەك سەعاتدا دابینبكات، ئێستا لەگەڵ كۆمپانیاكە لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی قوناغەی یەكەمی پڕۆژەكە پێش هاوێنی ئەمساڵ تەواو بكات كە بە تەواوبوونی قۆناغی یەكەمی ئەو پڕۆژەیە لە گەڕەكەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی شاری هەولێر (ناڵێم 100% ) بەڵكوو تا راددەیەكی زۆر باش كێشەی كەمئاوی نامێنێت.

سەبارەت بە گرنگی قۆناغی دووەمی پڕۆژەكەش وتی: قۆناغی دووەمی ئەو پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەیە تەنیا بۆ ناو شاری هەولێر نییە، بەڵكوو قەزای بنەسڵاوە، دارەتوو، كەسنەزان، شاوێس و بەحركەش لەخۆ دەگرێت، هەر لەگەڵ كۆمپانیای بای وەتەری بەریتانی ئیمزا كراوە و پڕۆژەكە زۆر گەورە و ستراتیژییە و لە یەك سەعات بڕی 25 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە دابیندەكات، ئەمەش چەند بەرانبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەك و دوو و سێیە، بۆ ئەو پڕۆژەیەش سوود لە ئاوی زێی گەورە وەرگیراوە و بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە هەموو بیرەكانی ناو شاری هەولێر و قەزا و ناحییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دادەخرێن.

د.ح
 


PM:12:01:22/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 1436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت