بەشیر حەداد لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ نادادپه‌روه‌رییه‌كانی پرۆسه‌ی دامه‌زراندن له‌ كه‌ركوك ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

جێگره‌ كورده‌كه‌ی سەرۆکی په‌رله‌مانی عیراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ هەریەک لە بەڕێوەربەری گشتی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوکی بانگهێشتی لیژنەی پەروەردەی په‌رله‌مان کرد بۆ ئەوەی رونكردنه‌وه‌ بده‌ن لەسەر ئەو میکانیزمه‌ی کە لە دامەزراندنی پلە وەزیفیەکانی ئەمساڵ گرتویانەبەر.  

نوسینگه‌ی بەشیر حەداد،  جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق له‌ راگه‌یه‌نداروێكدا ئاماژەی بەوەدا کە، بانگهێشته‌كه‌ له‌سه‌ر گلەیی و گازندەی خەڵکی کەرکوک بووه‌ لە بارەی دابەشکردنی پلەی دامەزراندنی وەزارەتی پەروەردە لەو شارە، په‌رله‌مانتارانی كه‌ركوكیش سەردانی ئەو شارەیان کردوەو بۆیان دەرکەوتوه‌ کە نادادپەروەرییەک لە دانانی ئەو پلە دامەزراندنانە هەیە کە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک هەبووە.  

جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عیراق داوایكردوه‌ لەسەرە ئەو بابەتە هەریەک لە وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک بێنە لیژنەی پەروەردەی په‌رله‌مان، تا رونکردنەوەیان لەسەر ئەو بابەتە پێ بدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە وەزیری پەروەردە لە مۆڵەتدایە، خۆی ئامادە نەبوو و بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک ئامادەبوون.

بەشیر حەداد کە خۆی سەرپەرشتی کۆبونەوەکەی کردووە ئاماژەی بەوەدا، داوایان لە وەزارەتی پەروەردە کردوە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و ئەو  2 هەزارو 841 پلە دامەزراندنەی کە بۆ پەروەردەی کەرکوک دانراوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەهاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکان بەپێی قەبارەی خۆیان دابەش بکرێت و ئەو خشتەی دامەزراندنەی کە دانراوە و پێویستە رابگیرێت و دووبارە پێکهاتەکان لەسەر رێژەیەک رێکبکەون بۆ ئەوەی هاوسەنگیەک لەو دامەزراندنەدا دروست بێت پاشان دەست بە دامەزراندن بکرێتەوە.  

به‌وته‌ی بەشیر حەداد، دوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کەشوهەوایەکی نالەبار لەو شارەدا دروست بووە، بەڵام وردە وردە خەریکە ئەو کەشوهەوایە دەگەرێتەوە باری ئاسایی خۆی و ئەوەندەی پێیان بکرێت رێگری لەو نادادپەروەرییە دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی کورد و تورکمان و کریستیان و عەرەبیش نادادپەروەریان بەرامبەر نەکرێت.


PM:08:53:14/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 1880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت