بەرهەم ساڵح: پێویستە بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران بەرژەوەندی حزبی وەلابنرێت

‌بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق


وێستگە نیوز- 

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، پێویستە بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی عیراق بەرژەوەندی کەسی و حزبی وەلابنرێت. 

ئەمڕۆ یەکەشەممە ١٥ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق  داوای کرد بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی عیراق بەرژەوەندیە کەسی و حزبیەکان وەلانرێت و جەختیشی لە پێویستی پابەندبوون بە چوارچێوەی دەستور و وادەی دەستوری بۆ دیاریکردنی کردەوە. 


بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەکەی ،" بەرهەم ساڵح بەردەوامە لە دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردەی پارتە سیاسیەکان و چالاکوانان و کەسانی ئەکادیمی و سەندیکا و یەکێتیە پیشەییەکان چین و توێژە جیاوازەکان کۆمەڵگەی عیراق بە ئامانجی راسپاردنی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی عیراق کە رەزامەندی گەلی عیراقی لەسەر بێت". 


لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی سەرۆک کۆماردا هاتووە،" پێویستە پابەند بین بە چوارچێوەی دەستور و وادەی دیاریکراوی دەستوری و کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران دیاریبکرێت کە ئەرکی بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک بەپێی یاسایەکی هەڵبژاردنی دادوەرانە و لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان". 


لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا بەرهەم ساڵح جەختی لە گفتوگۆ و راوێژی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عیراق لەپێناوی دیاریکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی عیراق کردووەتەوە کە لەگەڵ خواستەکانی گەلی عیراق یەکبگرێتەوە و حکومەتەکەش پشتیوانی سیاسی و میلی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییە پێویستەکان و وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد". 

سەرۆک کۆماری عیراق روونیشیکردووەتەوە کە ئاستی ئەو تەحەدایانەی رووبەڕووی عیراق بووەتەوە مەترسیدارن و پێویست بە وەلانانی بەرژەوەندی کەسی و حزبی دەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران و رەزامەندی گەلی عیراق و پابەندبوون بە بەدیهێنانی چاکسازی بەرژەوەندی نیشتیمانی پێش بەرژەوەندی حزبی بخرێت". 

بەرهەم ساڵح، لە کۆتاییشدا دەڵێت، " مادەی ٧٦ ی دەستوری عیراق هێزە سیاسیەکانی ناو پەرلەمانی عیراقی پابەند کردووە بە پێشکەش کردنی کاندیدێک بۆ ئەوەی دواتر لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرێت". 


ش . ر 



PM:07:43:15/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 2732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت