رەحمان غەریب: ده‌بێ له‌مه‌ودوا رۆژنامه‌نووسان به‌پێی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە.. فۆتۆ: هێڤی خالید

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی كردن له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان، باس له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و نوێنه‌ری رۆژنامه‌نووسان ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم تەئکیدی کردووەتەوە کە دەبێت رۆژنامەنووس لە کەیسەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوە بەپێی یاسای کاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.


رەحمان غەریب، رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان بە وێستگە نیوزی راگەیاند: ماوه‌یه‌كه‌ سه‌رنج ده‌ده‌ن یاسای کاری رۆژنامەنووسی جێبەجێ ناکرێت، پێشێلكاری به‌رانبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌كرێت و رۆژنامەنووس لە بنکەکانی پۆلیس دەستبەسەر دەکرێت، بە یاساکانی سزادانی عیراقی و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و راپێچی زیندانەکان دەکرێت.

رەحمان غەریب وتیشی: "ئێمە وەک سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان لەگەڵ سه‌ندیكای رۆژنامەنووسانی کوردستان و رۆژنامەنووسان و مامۆستایانی زانکۆ، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و نوێنەری ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆبووینەوە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو پرسە بکەین".

رێکخەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەشدا: "لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازی ئەوە کرا چارەسەری ئەو پرسە بکرێت، بۆیە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەم کۆبوونەوەیەی کردوە بۆ ئەوەی هەماهەنگی هەبێت لەنێوان دادگاکانی هەرێمی کوردستان و رۆژنامەنووسان، هەربۆیە ئەنجومەنی دادوەری و داواکاری گشتی لەوێ ئامادەبوون بۆ ئەوەی بگەین بەو لێکتێگەیشتنە".

بە وتەی رەحمان غەریب، لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی تەئکیدی کردووەتەوە کە دەبێت رۆژنامەنووس لە کەیسەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوە بەپێی یاسای کاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کە دەستبەسەرکردنی تیادا نییە.

ئاماژەی بەوەشدا: لایەنێکی تری کۆبوونەوەکە باس لەوەبوو کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە گشتاندنێک دەکرێت بۆ دادگاکان، کە بەپێی یاسای کاری رۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە بکرێت.

روونیشیکردەوە: هەر لە کۆبوونەوەکەدا تەئکید لە یاداشتی زیاتر له‌ 300 رۆژنه‌مانووس كرایه‌وه‌ كه‌له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا سه‌نته‌ری میترۆ و رێكخراوی ئازادبوون و چه‌ند لایه‌نێكی تر له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كۆبوونه‌وه‌ و یاداشتێكیان دایه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری.

جەختی لەوەش کردەوە: کە هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە نابێت هەر باس لە ماف و ئیمتیازاتی رۆژنامەنووسان بکرێتەوە، بەڵکو رۆژنامەنووسیش دەبێت ئەرکی خۆی کەلەسەریەتی لە چوارچێوەی یاساکەدا جێبەجێی بکات.
 


PM:05:36:15/12/2019
















ئه‌م بابه‌ته 3628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو