پارێزگاری هەولێر دەستکەوتەکانی 15 ساڵ مانەوەی لە پۆستەکەی ئاشکرا دەکات

‌نەوزاد هادی.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگە نیوز ـ
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 15 ساڵ و نۆ مانگ پارێزگاری شارەکە بوو ئەمڕۆ سێشەممە 10 ی ئەیلولی 2019 دوا وتەی وەک پارێزگار پێشکەش کرد.


لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نەوزاد هادی رایگەیاند، 15 ساڵ و نۆ مانگ لەو پۆستەدا ماوەتەوە و هێندەی توانیویەتی خزمەتی شارەکەی کردووە.

نەوازد هادی پێش ئەوەی پۆستی پارێزگاری هەولێر وەربگرێت بریکاری وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بوو لە کابینەی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی کابینەکەی دەکرد.

نەوزاد هادی وتیشی: "دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگار هەوڵماندا لە ماوەی ئەم ساڵانەدا گەشە بە هەولێر بدەین لە هەموو رووەکانەوە، ناوشار و گوند و قەزا و ناحیەکان، بە گوژمەی 10 ملیار دۆلار زیاتر لە 14 هەزار پرۆژە و سەرمایەی وەبەرهێنانیش گەیشتە نزیکەی 28 ملیار دۆلار کە ئەمە رەنگدانەوەی تەواوی لەسەر ژیانی چین و توێژە جیاوزەکانی شارەکە هەبوو".  

ئاماژەی بەوەشکرد، بودجەی تەرخانکراو بۆ شاری هەولێر لە ساڵی 1923 وە  واتە سەردەمی مەلەکیەت کە ئەوکات لیوا بووە تا 2003 نەدەگەیشتە 200 ملیۆن دۆلار.

نەوزاد هادی ئەوەشی خستەڕوو، هەولێر بەپێی ماستەرپلان شارێکی بازنەییە لە ساڵی 2003 نیوە تیرەکەی سێ کیلۆمەتر بوو لە ماوەی ئەم 15 ساڵەدا بووەتە 13 کیلۆمەتر،  گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە باڵەخانە و ئاوەدانی و  قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و قوتابخانە و هەموو سێکتەرەکانی دیکەی ژیان.  

وتیشی: "لەو ماوەیەدا گفتوگۆمان لەگەڵ یونسکۆ کرد و بەشە مێژووییەکەی قەڵا چووە لیستی کەلەپوری جیهانی و هەروەها لە ساڵی 2014 ش هەولێر بووە پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی".

لە کۆتایی وتەکانیشیدا نەوزاد هادی وتی: "پشتیوانی لە فرسەت سۆفی دەکەم کە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر".


PM:03:57:10/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 2260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو