ره‌غدی كچی سه‌دام كێشه‌ بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌نێته‌وه‌

‌ره‌غدی كچی سه‌دام حسێن

وێستگه‌ نیوز ـ
به‌هۆی فشار خستنه‌سه‌ر ئوردن له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كوتله‌ی په‌رله‌مانی عیراق بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی نه‌یارانی عیراق له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ره‌غدی كچی سه‌دام حسێن، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیان به‌رامبه‌ر ئوردن دووچاری هه‌ڵوێستێكی ناخۆش كردووه‌.


به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی عوكازی سعوودی كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15ی ئابی 2019، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و پشتی به‌ زانیاریی سه‌رچاوه‌ی ئاگادار به‌ستووه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی وڵاته‌كه‌ی تووشی قه‌یرانی سیاسی بووه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی عیراق و ئوردنیش له‌و نێوه‌نده‌دا كراوه‌ته‌ ئامانج.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری عیراقی به‌ رۆژنامه‌ سعوودییه‌كه‌یان راگه‌یاندووه‌، چه‌ند كوتله‌یه‌كی سیاسی په‌رله‌مانی عیراق ده‌ستیان به‌ فشار خستنه‌سه‌ر ئوردن كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یارانی حكومه‌تی عیراق، له‌ سه‌روویانه‌وه‌ ره‌غدی كچی سه‌دام حسێن راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا بكه‌نه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی په‌رله‌مانی عیراق بۆ رۆژنامه‌كه‌ وتوویه‌تی: "كوتله‌ سیاسییه‌كانی په‌رله‌مان دۆسیه‌ی داواكراوانی عیراقییان له‌ ئوردن تێكه‌ڵی دۆسیه‌ی بازرگانی نێوان هه‌ر دوو وڵات كردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تی عیراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ دۆسیه‌ی داواكراوه‌كان تێكه‌ڵی بازرگانی و ئابووریی نێوان به‌غدا و عه‌ممان بكرێت".

وه‌ك سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان پێداوه‌: "هه‌وڵه‌كانی ئه‌و كوتله‌ سیاسیانه‌ی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌یه‌ رێگه‌ له‌ هه‌ر لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان عیراق و دراوسێ عه‌ره‌به‌كانی بگرن".

هه‌ر چه‌نده‌ حكومه‌تی عیراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و دوو دۆسیه‌یه‌ تێكه‌ڵ بكرێت، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئوردن ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ و وتوویانه‌ رێگه‌ ناده‌ن هیچ لایه‌نێك له‌و رووه‌وه‌ ده‌ست بۆ سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌یان ببات.

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی حكومه‌تی ئوردنی كه‌ قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌ی عوكاز كردووه وتوویه‌تی: "‌ئه‌سته‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ممان له‌ژێر هیچ فشارێكدا ئه‌و نیو ملیۆن هاوڵاتییه‌ عیراقیانه‌ی له‌ سه‌رده‌می جیاجیا به‌تایبه‌تی نه‌یارانی حكومه‌تی نوێی عیراق له‌ كاتی رزگاركردنی عیراق په‌نایان بۆ ئوردن بردووه‌ راده‌ستی هیچ لایه‌نێك بكرێنه‌وه‌".

هــ. ر


AM:10:51:15/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 7840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو