مسته‌فا چاوڕه‌ش: یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به وه‌زیر ناكرێت
وێستگه نیوز -
كاندیدێك بۆ پۆستی وه‌زیری پێشمه‌رگه رایده‌گه‌یه‌نێت كه یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه پێویستی به ئیراده‌ی یه‌كێتی و پارتی هه‌یه، ئه‌گینا ئه‌و كاره به وه‌زیر ناكرێت، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "پێشمه‌رگه نه جلی جله، نه تفه‌نگی تفه‌نگه و تائێستاش به كۆسته‌ر هاتوچۆیان پێده‌كرێت".
مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و یه‌كێك له كاندیده‌كان بۆ وه‌زیری پێشمه‌رگه، به ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "هاوپه‌یمانان چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان بۆ یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه پێكردووین، به‌ڵام یه‌كخستنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه ته‌نها به وه‌زیر ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت یه‌كێتی و پارتی دڵیان باش بكه‌ن".
وتیشی: "یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی هه‌فتاو هه‌شتا به خه‌یاڵ ناكرێت و پێداویستی ده‌وێ، ده‌بێت یه‌كێتی و پارتی دابنیشن و بڕیار بده‌ن، نه‌ك مه‌سه‌له‌كه بخرێته ده‌ست فڵان و فیسار".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تاچه‌ند یه‌كێتی و پارتی جدین له یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و ده‌ست به‌رداربوون له‌و هێزه، مسته‌فا چاوڕه‌ش رایگه‌یاند كه "ئێمه به‌باشی ده‌زانین پێشمه‌رگه هی خه‌ڵك بێت نه‌ك حیزب، به‌ڵام ئه‌مه به خه‌یاڵ ناكرێ، چه‌ك و باره‌گای ده‌وێ".
وتیشی: "ئێمه تا ئێستا له‌رێگه‌ی كۆسته‌ر و به‌كرێ هاتووچۆ به پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین، جلیان له‌جل ناچێت، تفه‌نگیان له‌تفه‌نگ ناچێت، پێڵاویان له پێڵاو ناچێت، ته‌مه‌نا ده‌كه‌م له‌ده‌می خۆمانی بگرینه‌وه و ئه‌م هێزه یه‌كبخه‌ینه‌وه".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداربوونی پارتی و یه‌كێتی له هێزه‌كانیان ئاسانه، له‌كاتێكدا زۆرجار به‌رپرسانیان شانازی به‌بوونی هێزه‌وه ده‌كه‌ن و پێشمه‌رگه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزب به‌كاردێنن، مسته‌فا چاوڕه‌ش ده‌ڵێت: "ئێمه كه هێزمان هه‌یه مێژوو دروستیكردووه، به‌خه‌یاڵ دروست نه‌بووه، خه‌ڵكی تر كه‌هێزی نیه، خه‌باتی نه‌كردووه، ئینجا ئه‌وان ئێمه به‌میلیشیا ده‌زانن و ئیمانیان پێمان نیه."
سه‌ركرده‌كه‌ی یه‌كێتی، ئاماژه‌شی به‌هۆكاری هاتنه خه‌تی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كرد بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه، روونیكرده‌وه وڵات نابێت دوو سێ هێزی جیاوازی تێدا بێت، راشیگه‌یاند كه "هاوپه‌یمانان ده‌یانه‌وێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌ك هێزدا بكه‌ن، نه‌ك دووسێ هێزی جیاواز".
مسته‌فا چاوڕه‌ش یه‌كێكه له كاندیده‌كانی یه‌كێتی بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر گرنگی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، به‌ڵام نه‌یشارده‌وه ئه‌و كاره به‌ته‌نها به وه‌زیر ناكرێ، وتیشی: "گه‌ر یه‌كێتی و پارتی پشتیوان بن، ئیمكانیه‌ت و توانای خۆیانه بخه‌نه به‌رده‌ست، هاوپه‌یمانان كۆمه‌كمان بكات، خۆم یه‌كێكم له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌م".
PM:06:06:15/05/2019
ئه‌م بابه‌ته 1836
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت