سزای له سێدارهدانی دوو بهندكراوی سیاسی كورد ههڵوهشایهوه
سزای له سێدارهدانی دوو بهندكراوی سیاسی كورد ههڵوهشایهوه
وێستگه نیوز ـ
سزای له سێدارهدانی دوو بەندکراوی سیاسی كوردی خەڵکی شارهكانی مەهاباد و شنۆ له رۆژههڵاتی كوردستان هەڵوەشایەوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای له سێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی ئەرسەلان خودکام خەڵکی مەهاباد و محیَدین ئیبراهیمی خەڵکی شنۆ، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و حوکمی ئەرسەلان خودکام بۆ 10 ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رۆژی یەکشەممە 3ی شوباتی 2019، سزای سێدارەی ئەرسەلان خودکام دوای ئەوەی کە داوای پێداچوونەوەی لە لقی دووی دیوانی بەرز وڵاتی ئێران کردبوو، هەڵوەشاوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتوویهتی: دادگای سەربازی تاران بە فەرمی بە باوکی ئەرسەڵان خودکامیان راگەیاندووە کە سزاکەی هەڵوەشاوەتەوە و بۆ 10 ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە.
ئەرسەلان خودکام، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژ (ئابی رابردوو) لەلایەن لقی 32ی دادسەرای سەربازیی ئورمیەوە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سزای له سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
ناوبراو تەمەن 50 ساڵ و خەڵکی مەهابادە کە بۆ ماوەی 16 ساڵە ئەندامی سپای پاسداران بووە.
لەلایەکی دیکەوە، لەماوەی رۆژانی رابردوودا، سزای له سێدارەی محێدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن دەزگای دادوەریی ئورمیەوە هەڵوەشاتەوەتەوە و پەروەندەکەی بە مەبستی پێداچوونەوە و لیکۆڵینەوەی مەیدانی رەوانەی ناوەندە پەیوەندییدارەکانی شاری شنۆ کراوەتەوە.
محێدین ئیبراهیمی، تەمەن 40 ساڵ و خەڵکی گوندی ئاڵکاوێی شنۆ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە، بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سزای له سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هــ. ر
AM:08:50:04/02/2019
ئهم بابهته 3008
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت