سه‌رۆك كۆماری عیراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كۆبونه‌وه‌

‌سەرۆک کۆماری عیراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ پێویستە زمانی دیالۆگ لە نێوان تەواوی پێكهاتەكان بێتە ئاراوە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لەم ناوچەیه‌دا.

ئەمرۆ چوار شەممە 9ی كانونی دووه‌می 2019، د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق پێشوازی کرد له‌ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عیراق و ناوچەكە و په‌یوه‌ندی نێوان عیراق و ئه‌مریکا گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا.

به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق، له‌ میانه‌ی ئه‌و پێشوازیه‌دا که‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماده‌ی بوو، د.به‌رهه‌م ساڵح تەئكیدی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ پێویستی به‌ گفتوگۆ و لێکگه‌یشتنێکی تازه‌ هه‌یه‌ لە نێوان تەواوی پێكهاتەكان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی و نه‌هێشتنی بارگرژیی و چه‌سپاندنی دۆخێکی ئارام که‌ له‌ خزمه‌تی گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا بێت به‌گشتی.

 سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی عیراق و ئه‌مریکاش د.به‌رهه‌م ساڵح ئاماژەی به‌ گرنگی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كرد له‌ نێوان هەردوو وڵات، هاوکات پەرەپێدان و پێشخستنیشی له‌ هه‌موو بواره‌کاندا به‌ پێویستزانی به‌ تایبه‌ت بەشداریكردنی ئەمریكا لە بنیادنانەوەی عێراق و سەرپێخستنەوەی ئابووری و بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی وڵات و باشترکردنی توانای سه‌ربازی.

به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌ سه‌رۆک کۆماری عیراق بەبایەخەوە باسی لەو پشتیوانییە كردوه‌ كە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە روی سیاسی و ئەمنیەوە لە عێراقی کردووە، بەتایبەت لە جەنگی دژ بە تیرۆر و سەركەوتن بەسەر گروپی تیرۆرستی داعشدا.

لەلای خۆیەوە مایك پۆمپۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سوربوونی وڵاتەكەی دوپاتكردەوە بۆ هێشتنەوە و به‌هێزکردنی پەیوەندییەكی تایبەت لەگەڵ عیراق لەهه‌موو ئاستەكاندا، هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی وڵاته‌که‌شی بۆ بەگژاچونەوەی داعش و مه‌ترسی  تیرۆرستان به‌ گشتی لە عێراق و تەواوی ناوچەكە دووپاتکرده‌وه‌.

پۆمپیۆ  روونیشكردەوە ئەمریكا عیراق بە هاوبەشێكی گرنگ و ستراتیژی دەزانێت لە زۆربەی بوارەكانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی، سه‌باره‌ت به‌ بواری ئابوری و بازرگانیش وەزیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ئاماده‌ی وڵاته‌که‌ی دەربڕی بۆ بەشداریكردن لە وەبەرهێنان و پرۆسەی بنیادنانەوەی عیراق و بەتایبەتیش شارە تازه‌ ئازاد كراوەكان.



PM:04:43:09/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 1540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو