وێستگه نیوزـ
دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 14ی ئابی 2018، كۆبونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و سه‌رۆك كۆماری توركیا كۆتایی هات و دواتر له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئەردۆغان ئاماده‌یی ئه‌نقه‌ره‌ی راگه‌یاند بۆ هاوکاریکردنی بەغدا لە سەرجەم بوارەکاندا.
به‌پێی زانیارییه‌كان دیداره‌كه‌ی نێوان عه‌بادی و ئه‌ردۆغان له كۆشكی كۆماری به‌داخراوی به‌ڕووی راگه‌یاندنه‌كاندا به‌ڕێوه‌چوه و نزیكه‌ی یەک كاتژمێر و 15 خوله‌كی خایاند و سه‌رۆك كۆماری توركیا بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی وپاتكردوهتهوه كه عیراق پشكی ته‌واوی خۆی له ئاو وه‌رگرتوه.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵیی ئه‌ردۆغان و عه‌بادی، كۆبوونه‌وه‌ی نێوان شانده‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات ئه‌نجامدرا.
دواتریش هه‌ریه‌ك له ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا و حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شی ئه‌نجامدا و تیایدا ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: ئاماده‌ین له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا هاوكاریی عیراق بكه‌ین.
رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوەکەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی بە "سودبەخش" ناوبرد و وتی "کۆمەڵێک بابەتی گرنگمان تاوتوێکرد"، راشیگەیاند "رێز لە سەروەری خاکی عیراق دەگرین و عیراق قۆناغەکانی داعش و ریفراندۆمی تێپەڕاند، ئێمە هەمیشە گرفتی عیراقمان بە هی خۆمان زانیووە، عیراق و تورکیا لە زۆر بابەتەدا یەک چارەنووسیان هەیە".
سەبارەت بە پەکەکەش وتی "بۆچوونی خۆمان لەبارەی پەکەکە بە حەیدەر عەبادی راگەیاند، لەگەڵ عیراق هاوڕاین لەبارەی روبەڕوبونەوەی تیرۆر" و راشیگه‌یاند كه جیاوازی له‌نێوان په‌كه‌كه و داعش نییه، جەختیشیکردەوە کە سه‌قامگیریی عیراق سه‌قامگیریی توركیاشه، هیواشیخواست حکومەتێک لەعیراق پێکبهێندرێت رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت"، سەبارەت بە توکمانەکانی کەرکوکیش ئەردۆغان رایگەیاند "تورکمانەکانی کەرکوک روبەڕوی هێرش و پەلامار بونەتەوە".
بەوتەی ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا هەردولا رێککەوتون لەسەر کردنەوەی دەروازەیەکی سنوریی نوێ لەگەڵ عیراق، سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی وڵاتەکەی له هه‌ردوو شاری موسڵ و به‌سره كرده‌وه، وتیشی له بنیادنانه‌وه‌ی عیراقدا هاوكار ده‌بین.
دواتر حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند كه عیراق پشتیوانی توركیایه له‌م قه‌یرانه‌یدا، وتیشی كه به هاوكاریی یه‌كتر به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كاندا سه‌رده‌كه‌وین، عه‌بادی ئاشكراشیكرد كه ئه‌نقه‌ره به‌ڵێنیداوه به‌شه ئاوی زیاتر بۆ عیراق دابین بكات.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق راشگه‌یاند كه به‌غدا رێگه نادات هیچ رێكخراوێك له خاكی عیراقه‌وه هه‌ڕه‌شه له توركیا بكات و وتی "پلانمان بۆ زیاتر پاراستنی سنوری نێوان عیراق و تورکیا هەیە"، سه‌باره‌ت به نه‌وتی كه‌ركوكیش رایگه‌یاند كه نه‌وتی ئەو شارە له رێگه‌ی توركیاوه هه‌نارده ده‌كه‌ن.
به‌پیی زانیارییه‌كان، پرسی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جیهان، گرتنەوەی ئاوی فورات و دیجلە لەلایەن تورکیا، زۆرکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سزاکانی ئێران، بەشێک بوون لە تەوەری گفتوگۆکانی نێوان عه‌بادی و ئه‌ردۆغان.
هاوكات پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک‌پارتی) رایگه‌یاندوه كه حکومەتی تورکیا داوا لە عیراق دەکات لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر نەوتی کەرکوک رێکبکەون، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەڕێگەی بۆڕیی نەوتی کەرکوک-جەیهانهوه نەوتی ئه‌و شاره بۆ دەرەوە بگوازرێتەوە.
PM:03:49:14/08/2018
ئه‌م بابه‌ته 4656
جار خوێنراوهتهوه