باوکی دەستدرێژی کردە سەر و براکانیشی کوشتیان


وێستگه‌ نیوز- ڕووداو

رۆژە رەشەكەی چناری تەمەن 21 ساڵان لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە دایكیان بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە لە باوكیان جیابووەوە، دوای ماوەیەك (خ.ح)ی باوكیان دەستدرێژی دەكاتە سەر چنار و خوشكێكی دیكەی بەناوی (چ)، بەڵام ئەوان لەم تاوانەی باوكیان بێدەنگ نابن و سكاڵا تۆمار دەكەن، باوكیان دەستگیر دەكرێ‌ و دوای ئەوە چنار و (چ) لەگەڵ سێ‌ براكەیان بێ‌ سەرپەرشت دەمێننەوە.

چنار كە خوشكی گەورەی (چ) و سێ براكەیەتی، گەنجێك دەناسێت و دەكەوێتە داوی خۆشەویستییەوە، گەنجەكە ناوی هۆگرە و خەڵكی هەولێرە، خێزاندارە و سێ منداڵیشی هەیە، هۆگر دوای ناسینی چنار، بڕیار دەدات لە هاوژینەكەی جیاببێتەوە، پاش ماوەیەك چنار مارە دەكات.

خوشكەكەیان دەكوژن

بەیان ئیسماعیل كە دایكی هۆگرە، لەبەر گریان چاوەكانی بۆ نەدەكرانەوە، چیرۆكی مارەبڕینی چناری بەم شێوەیە بۆ پۆلیس گێڕایەوە: "ئاگاداری مارەبڕینەكەی هۆگر و چنار نەبووین، ئەو لەلای كەركووك مارەی كردبوو، بەڵام كاتێك زانیم ناچار بووم قبوڵی بكەم بەو مەرجەی دڵنیابم بە شەرعی مارەی كردووە، ئەویش دڵنیای كردمەوە". هۆگر هاوژینی یەكەمی تەڵاق دەدات، بەڵام منداڵەكانی هەر لەلای خۆی دەمێننەوە.

دوای ئەوەی چنار و هۆگر بڕیار دەدەن پێكەوە بژین، باوكی چنار پەیوەندی بە سێ كوڕەكەی و (چ)ی كچییەوە دەكات و داوایان لێدەكات ئەو سكاڵایەی لەدژی تۆماریان كردووە بیكشێننەوە، بۆ ئەوەی بەر لێبووردنی گشتی بكەوێت، ئینجا خوشك و براكانی دێنە ماڵی چنار و داوای لێدەكەن سكاڵاكە بكشێننەوە، بەڵام چنار رازی نابێ‌، پێیاندەڵێت بەهیچ شێوەیەك لە باوكم خۆشنابم". خوشك و براكانی كە چەند شەوێك لە ماڵی چنار دەمێننەوە، شەوی 19/1/2018 چناری خوشكیان و هۆگری زاوایان دەكوژن و هەڵدێن.

خوێن لە دایكم و باوكم دەڕوات و ناجوڵێن

دایكی هۆگر باسی چۆنیەتی ئاگاداربوونەوە لە رووداوەكە و هەواڵی كوشتنی كوڕ و بووكەكەی دەكات و دەڵێت: "هەموو بەیانییەك پەیوەندی بە كوڕ و بووكەكانمەوە دەكەم و هەواڵیان دەپرسم. ئەو بەیانییە چوار جار تەلەفۆنم بۆ بووكەكەم كرد وەڵامی نەبوو. هۆگر زۆر حەزی لە كفتە بوو، منیش ویستم پێی بڵێم نیوەڕۆ كفتە دەكەم، كاتێك تەلەفۆنم بۆ كرد، كچە حەوت ساڵانەكەی بە گریانەوە وەڵامی دامەوە و گوتی دایە گەورە خوێن لە باوكم و دایكم دەڕوات و ناشجوڵێن، ئەو دوو منداڵە تا بەیانی بەدیار تەرمی دایك و باوكیانەوە لەناو جێگەدا بوون و گریاون، بەبێ ئەوەی كەس بزانێت".

تاوانەكە بە پلان بووە

تاهیر عەبدولڕەحمان، باوكی هۆگرە و جگە لە هۆگر خاوەنی پێنج كوڕ و دوو كچە، تاهیر هەر كە ناوی كوڕ و بووكەكەی دێنێ گەرووی پڕ دەبێت لە گریان. ئەو دەڵێت: "چنار كچێكی زۆر باش بوو، لە هۆگری كوڕم زیاتر خۆشمدەویست، ئافرەتێكی زۆر ئاقڵ و گوێڕایەڵ بوو، ئێمە زۆر زانیاریمان لەسەر رووداوەكە هەیە و هەموو زانیارییەكانمان داوەتە پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەكان".

باوكی هۆگر دەڵێت: "ئێمە ئاگاداری یەكترناسینی هۆگر و ئەو خێزانە نەبووین، كاتێك باوكی چنار دەستدرێژی كردبووە سەر كچەكانی، ویستبووی بیانكوژێ‌، (ر) كە برای چنارە، داوای لە هۆگر كردبوو هاوكارییان بكات، ئەویش هاوكاریی كردوون و رزگاری كردوون، دواتر بە رەزامەندیی خوشك و براكانی چناری مارە كردووە".

باوكی هۆگر هیچ گومانێكی نییە لەوەی تاوانەكە بە پلان كراوە، ئەو چەندین بەڵگە دەخاتەڕوو دەڵێت: "(چ) و (ز)ی برای چنار لەلای ئێمە و لەگەڵ چنار و هۆگر دەژیان و هۆگریان زۆر خۆشدەویست و بە كاكە بانگیان دەكرد، بەڵام رۆژی 9/1/2018 بەناوی چوونە بازاڕ رۆیشتن، دوای دوو رۆژ و شەوێك گەڕانەوە، گوتیان چووینەتە ماڵی مامم لە سەنگەسەر، بەڵام من دڵنیام كە چوونەتە لای باوكیان. تەنانەت چنار و هۆگر هاتنە لام و گوتیان مادام بەبێ پرس رۆیشتوون، دەریاندەكەین، بەڵام من نەمهێشت و گوتم ئەوانە هیچ پشت و پەنایەكیان نییە". هەروەها دەڵێت: "دەنگی تۆماركراومان داوەتە پۆلیس كە خوشك و براكانی، چنار هاندەدەن هۆگر بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە لای ئەوان".

تاهیر گومانی لە كوشتنەكەش هەیە، ئەو دەڵێت: "گومانم هەیە پێش كوشتنیان، چنار و هۆگر دەرمانخوارد كرابن، چونكە كاتێك تەرمەكانم بینی، پێنەدەچوو راستەوخۆ كوژرابن، هەر هیچ نەبێ دەبوو كاردانەوەیەكیان هەبووایە، بەڵام ئەوان بەشێوەیەك كوژراون كە زۆر جێی گومانە، هەردووكیان لە ژووری نووستن لەسەرلا و لەتەنیشت یەكتر راكشاون، گوللەكان لە سەریان درابوو، دوو گوللە لە هۆگر و گوللەیەك لە چنار درابوو، جگە لەوەش هەرێز كە تەمەنی 7 ساڵانە و كچی گەورەی هۆگرە، لەبارەی ئەو شەوە پێیگوتم: شەو درەنگ بوو (چ) قاوەی هێنا بۆ باوكم و چنار، من دەزانم چنار و هۆگر شەوانە درەنگ دەخەون، بەڵام بەپێی قسەكانی هەرێز ئەو شەوە زوو ئەویان خەواندووە، بۆیە دڵنیام پێش ئەوەی تەقەیان لێبكەن، ژەهرخواردكراون".

لەبارەی چارەنووسی منداڵەكانیش، باوكی هۆگر دەڵێت: "دوای رووداوەكە بە بڕیاری دادوەر منداڵەكان دراونەتەوە دایكی خۆیان".

كەس دەستگیر نەكراوە

لەبارەی ئەم رووداوە، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی گوت: "فەرمانی دەستگیركردن بۆ خوشك و براكانی چنار دەرچووە، بەڵام هەر ئەو شەوەی تاوانەكەیان كردووە، هەڵاتوون و هێشتا دەستگیرنەكراون".

باوكی هۆگریش دەڵێت: "سكاڵامان لەسەر ئەو چوار خوشك و برایە و باوكی چنار و (س)ی مێردی پووری چنار و (س)ی خەزووری پووری چنار تۆمار كردووە، پێمانوایە ئەوانیش دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە كە دەرهەق بە كوڕەكەم و بووكەكەم كراوە، بەڵام هیچیان دەستگیر نەكراون، ئەگەرچی چوار ژمارە مۆبایلی تۆمەتبارەكانیشمان داوەتە پۆلیس و دادگا تا بەدواداچوون بۆ پەیوەندییەكانیان بكەن لە ماوەی 9/1/2018 كە لەو رۆژەدا (چ) و (ز) رۆیشتبوون، تا رۆژی ئەنجامدانی تاوانەكە، هەروەها داوامان كردووە سەیری كامێراكانی سەر رێگا گشتییەكان و بازگەكان بكرێت لە شەوی تاوانەكە، تا ئاشكراببێ‌ كە بۆ كوێ رۆیشتوون، بەڵام گلەییم لە دادگا و حكومەت هەیە كە وەك پێویست بەدواداچوونیان نەكردووە و تۆمەتبارەكانیان دەستگیر نەكردووە".

چارەنووسی باوكی چنار

باوكی چنار بەپێی ماددەی 393 دەستگیر كراوە كە تایبەتە بە دەستدرێژی، دوای ئەوەی یاسای لێبووردنی گشتی لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوو، باوكی چنار هەوڵی دابوو لەڕێگەی كشاندنەوەی سكاڵای كچەكانی، بەر لێبووردنی گشتی بكەوێت، بەڵام بەگوتەی هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر "ئەگەر چنار و خوشكەكەی سكاڵاكەشیان كێشابایەوە، ئەو ماددەیەی باوكی چناری پێ دەستگیركراوە، لێبووردنی گشتی نەیدەگرتەوە".


AM:10:05:31/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 50508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو