په‌یامی سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌بۆنه‌ی كۆتایی داعش له‌ عیراق

‌ د.فوئاد مه‌عسوم،سه‌رۆك كۆماری عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری عیراق پیرۆزبایی له‌ عیراقییه‌كان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی ته‌واو و یه‌كجاری به‌سه‌ر رێكخراوی داعش و داوای هاتنه‌كایه‌ی ئاشتبونه‌وه‌ی نیشتمانیی سه‌رتاسه‌ریی كرد.

شه‌وی شه‌ممه‌ 9ی كانونی یه‌كه‌می 2017، د.فوئاد مه‌عسوم،سه‌رۆك كۆماری عیراق وێڕای پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا، داوایكرد په‌له‌ بكرێت له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئاواره‌كان و ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانی هێنانه‌كایه‌ی ئاشتبونه‌وه‌ی نیشتمانیی راسته‌قینه‌، چونكه‌ ئه‌و زامنی پته‌وكردنی یه‌كڕیزیی نیشتمانییه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆك كۆماری عیراق پیرۆزبازیی له‌ سه‌ركرده‌ و سه‌ربازه‌كانی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌كانی سوپا و پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌ان و هێزی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی و ده‌زگای بنبڕكردنی تیرۆر و هێزی ئاسمانی و فڕۆكه‌وانیی سوپا و چه‌كدارانی عه‌شیاره‌كان و خۆبه‌خشه‌كان و سه‌رجه‌م هاوڵاتیان كردووه‌.

د. فوئاد مه‌عسوم گیانبه‌ختیكردنی شه‌هیده‌كان و قوربانیانی رۆژنامه‌نوسان و میدیاكارانی له‌ شه‌ڕی دژبه‌ تیرۆردا له‌بیرنه‌كردووه‌ و داوایكردووه‌ بایه‌خی خێرا و زیاتر به‌ كه‌سوكاریان و برینداره‌كانیشیان بدرێت.

سه‌رۆك كۆماری عیراق باسی له‌ خۆڕاگری و قوربانیدانی ژنانی عیراقیش له‌و جه‌نگه‌دا كردووه‌ و كه‌ هه‌ر له‌ دایك و هاوسه‌ر و ژنی رفێندراو و بێوه‌ژنان به‌ده‌ست تیرۆره‌وه‌ نه‌هامه‌تییان چه‌شتووه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا د. فوئاد مه‌عسوم سوپاسی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی وڵاتانی دۆست و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رجه‌م رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی مرۆییه‌كانی كردووه‌ كه‌ پشتیوانی گه‌لی عیراق بوون له‌ دژی داعش و داوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش كردووه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ پشتیوانیكردنی عیراق بۆ پرۆسه‌ی بنیادنانه‌وه‌ و پته‌وكردنی یه‌كڕزیی نیشتمانی و بره‌ودان به‌ سیستمێكی دیموكراتیی فیدراڵی و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و جێبه‌جێكردنی ده‌ستور.

 ئێوارەی‌ رۆژی شه‌ممه‌ 9ی كانونی یه‌كه‌می 2017، حەیدەر عەبادی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی وتاری سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاریی به‌سه‌ر رێكخراوی داعشدا خوێنده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ "سەرکەوتنە گەورەیە" پارێزگاریکردنە لە یەکێتی خاکی عیراق و داواشی لە سیاسییەکان کرد ڕێگری بکەن لە گەڕانەوەی داعش و وتارە تایەفییەکانیان بوەستێنن."

عەبادی لە وتاری‌ سەرکەوتن بەسەر داعشدا، سەرەڕای‌ سوپاسکردنی‌ هیزە عیراقیەکان، ناوی‌ پێشمەرگەی‌ نەهێنا کە لەسەرەتای شەڕێ رزگارکردنی موسڵ رۆڵێ بەرچاوی هەبووە و زیاتری لە 2 هەزار شەهید و 11 هەزار برینداریشی لەو شەڕەدا هەیە.

ر.ع


PM:10:29:09/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 8432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو