حكومه‌تی عیراق واده‌یه‌كی نوێ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مان دیاری ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق واده‌یه‌كی نوێی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی داهاتوو دیاریكرد و بڕیاری له‌باره‌وه‌ دا.

نوسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد كه‌ له‌ دانیشتنی ئاسایی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4ی كانونی یه‌كه‌می 2017 به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌بادی، ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی بڕیاری ژماره‌ 347ی ساڵی 2017ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دراوه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دیاریكردنی واده‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی داهاتووی عیراق.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق سێ رۆژ له‌ واده‌ی دیاریكراوی پێشوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی پێشخستووه‌ و ره‌زامه‌ندیی ده‌ربڕیووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌بری 15ی ئایاری 2018، هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عیراق له‌ 12ی ئایاری 2018 به‌ڕێوه‌ بچێت.

هه‌رله‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقدا ده‌نگ له‌سه‌ر راسپارده‌كانی لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 15 له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵی دراوه‌ و كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای وه‌به‌رهێنانی تایبه‌ت.

ر.ع


PM:08:09:05/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 3440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو