په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی بانگهێشتنامه‌یه‌كی به‌په‌له‌ ئاڕاسته‌ی عه‌بادی ده‌كات


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال
په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق بانگهێشتێك به‌په‌له‌ ئاڕاسته‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌كات تا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات.


رێزان شێخ دلێر، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌ په‌ڕه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاند، وه‌ك په‌رله‌مانتارێكی عیراق له‌ لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی بانگهێشتی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌كات سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ كێشه‌ و كه‌موكورتییه‌كانی ئه‌م به‌شه‌ی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌ی بكات كه‌ به‌پێی ده‌ستوور به‌شێكن له‌ خاكی عیراق و ئه‌رك مافیان به‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ "به‌ڕێز عه‌بادی چه‌ندینجار كوردی وه‌ك رۆڵه‌ی عیراق و عیراقییه‌كان ناساندووه‌ و داوای یه‌كگرتن و پاراستنی یه‌كپارچه‌یی عیراقی كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌كانی بكاته‌ كردار، پێویسته‌ له‌ ئێستادا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له‌نزیكه‌وه‌ گوێ له‌ داواكاری رۆڵه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه‌ بگرێت  كه‌ ده‌ستوری وڵاته‌كه‌ی ماف و ئه‌ركه‌كانی دیاریكردووه‌".

هه‌روه‌ها وتویه‌تی: "هیوادارم به‌ڕێز عه‌بادی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی و سه‌ركه‌وتنه‌كانی نه‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ په‌راوێزخستنی به‌شێك و پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی وڵاته‌كه‌ی كه‌ كورد و دۆزه‌ ره‌واكه‌یه‌تی و هاوشێوه‌ی تێگه‌یشتنی باوك له‌ داخوازی خێزانه‌كه‌ی سه‌ردانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ بكات كه‌ ئێستا له‌ دۆخێكی خراپی ئابووریدا ده‌ژین، چونكه‌ ده‌ستوری عیراق هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و شاره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك میسا و به‌سره‌ و به‌غدا ناكات و هه‌ر هه‌وڵێك به‌و ئاڕاسته‌یه‌ لادانه‌ له‌ ده‌ستوور".

به‌هۆی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان له‌ 25-9-2017 و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری كه‌ركوك و ناوچه‌ ناكۆكه‌كان له‌ رۆژی 16-10-2017و رۆژانی دواتر، نێوانی كوردستان و حكومه‌تی عیراق له‌وپه‌ڕی خراپیدایه‌.


PM:10:25:09/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 11496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو