هاوشێوەی هەرێم پارێزگای به‌سره‌-ش داوای فیدراڵی ده‌كات

‌كاردانەوەكانی دوای ریفراندۆمی هەرێم دەستیپێكرد

وێستگە نیوز-

ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای به‌سره‌، ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه‌ داوایكرد، هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌ هه‌رێمێكی فیدراڵی.

داواكارییه‌كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو، هاوكات ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ش دەڵێت، ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌ن داوایانكردووه‌، به‌سره‌ بكرێته‌ هه‌رێمێكی فیدراڵی و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بكرێن.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ راشیگه‌یاندووه‌، له‌سه‌دا 90ی بودجه‌ی عێراق له‌لایه‌ن پارێزگای به‌سره‌وه‌ دابینده‌كرێت، ناكرێت پارێزگاكه‌ به‌و جۆره‌ فه‌رامۆش بكرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، پرسی به‌هه‌رێمكردنی به‌سره‌ ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستان و دواین هه‌ڵوێستی عێراق له‌ باره‌ی راپرسییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی كوردستانه‌وه‌.

هه‌وڵه‌كانی به‌هه‌رێمكردنی به‌سره‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستیان پێكردووه‌ و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و به‌رپرسی شاره‌كه‌ داوا ده‌كه‌ن، شاره‌كه‌یان وه‌ك هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌ هه‌رێمێكی فیدراڵی.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆمی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئەنجامدا و تیایدا زیاتر لە 3 ملیۆن و 343 هەزار و 462 كەس مافی دەنگدانیان هەبووه، هاوكات لەسەرانسەری باشووری كوردستان 12 هەزار و 65 بنكە دانراون، لەو ژمارەیەش 7 هەزاریان لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستانن و 5 هەزاریشیان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون.

هاوكات 400 چاودێری نێودەوڵەتی و 2000 چاودێری نێوخۆیی چاودێری پڕۆسەكە دەكەن و 159 دەزگای میدیای 500 دەزگای ناوخۆیی راستەوخۆ رووماڵی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەروەها 23 هەزار و 564 بریكاری قەوارە سیاسییەكانیش لە بنكەكانی دەنگدان لەسەرانسەری هەرێم و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چاودێری دەكەن.



د.ف


PM:06:48:25/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 3640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو