عه‌بادی‌ و روحانی‌ رێوشوێنه‌كانی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ریفراندۆنی‌ هه‌رێمیان تاووتوێ كرد

‌عه‌بادی‌ و روحانی‌....فۆتۆ: ئەرشیف

وێستگه‌ نیوز –
سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق هه‌نگاوه‌كانی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ریفراندۆمی‌ به‌ سه‌رۆكی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران راگه‌یاند و هه‌ردوولا دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ دژی‌ ریفراندۆم ده‌وه‌ستنه‌وه‌.

نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مشه‌و حه‌سه‌ن روحانی‌ سه‌رۆكی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران به‌ ته‌له‌فون په‌یوه‌ندی‌ به‌ ناوبراوه‌وه‌ كردووه‌.

نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ عه‌بادی‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "رۆحانی‌ پیرۆزبایی له‌ گه‌ل و سه‌ركردایه‌تی‌ عیراق كردووه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانیان به‌سه‌ر چه‌كدارانی‌ تیرۆریستی‌ داعش و هه‌ڵوێستی‌ ئێرانی‌ بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ریفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دووپاتكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی عیراق و ئاسایش و سه‌قامگیری‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ "روحانی‌ پشتیوانی‌ ته‌واوی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ حكومه‌تی‌ عیراق و سه‌رجه‌م رێوشوێنه‌كان بۆ پاراستنی‌ یه‌كپارچه‌یی عیراق و سه‌لامه‌تی‌ خاكه‌كه‌ی‌ ده‌ربڕیوه‌".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "عه‌بادی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ حكومتی‌ عیراقی‌ بۆ ئازادكردنی‌ ته‌واوی‌ خاكی‌ عیراق له‌ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان دووپات كردووه‌ته‌وه‌".

نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق باسی‌ له‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ "له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا عه‌بادی‌ هه‌ڵوێستی‌ حكومه‌تی‌ بۆ رێگرتن له‌ رێوشوێنه‌ تاكلایه‌ن و ناده‌ستورییه‌كان كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌كڕیزی‌ عیراق و پێكه‌وه‌ژیانی‌ ئاشتییانه‌ی‌ نێوان رۆڵه‌كانی‌ ده‌كات، خستووه‌ته‌ڕوو و ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ریفراندۆم و مامه‌ڵه‌نه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ دووپاتكرده‌وه‌".
 
به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی‌ بۆ سه‌رۆكی‌ ئێران خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ده‌یگرێته‌به‌ر بۆ پارێزگاریكردن له‌ یه‌كپارچه‌یی وڵات و سه‌لامه‌تی‌ هاوڵاتیانی‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای‌ ناڕه‌زایی عیراق و توركیا و ئێران و وڵاتانی‌ زلهێزی‌ جیهان، بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ دووشه‌ممه‌ 25ی‌ ئه‌یلول له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و شاری‌ كه‌ركوك  و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ریفراندۆن ئه‌نجام بدرێت.


PM:10:31:24/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 3156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت