پارێزگاری كه‌ركوك: پێشمه‌رگه بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌یه
نه‌جمه‌دین كه‌ریم
وێستگه نیوز –
پارێزگاری كه‌ركوك رایگه‌یاند كه له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی شار ئاماده‌كاری ئه‌منی بۆ ریفراندۆم كراوه و پێشمه‌رگه بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌یه، داواشی له هاوڵاتیان كرد به به‌ڵێ ده‌نگ بده‌ن.
ئه‌مشه‌و نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك په‌یامێكی ئاراسته‌ی دانیشتوانی شاره‌كه به سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانیه‌وه كرد و رایگه‌یاند كه "داوا له هه‌موو پێكهاته‌كانی شاره‌كه ده‌كه‌م بچنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و به ئازادانه ده‌نگ بده‌ن و هیوادارم له ریفراندۆمدا به به‌ڵێ ده‌نگ بده‌ن".
نه‌جمه‌دین كه‌ریم وتی: "له‌ناو شاردا هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس و هێزه ئه‌منییه‌كان تۆكمه‌تر بوون و رێوشوێنی ئه‌منی پێویست له ناوشار و ده‌ره‌وه‌ی شار گیراوه‌ته‌به‌ر".
وتیشی: "هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌و په‌ڕی ئاماده‌باشیدان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو كه سبه‌ینێ له كاتی ده‌نگداندان رووبدات".
پارێزگاری كه‌ركوك ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "پۆلیس و هێزه ئه‌منییه‌كانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه له‌هه‌ر شوێنێك له كه‌ركوك خه‌ڵك هه‌ست به سه‌غڵه‌تی بكات هێزه ئه‌منییه‌كان بچن به هانایانه‌وه و بیانپارێزن".
پارێزگاری كه‌ركوك جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی شار "ئیستیفزاز له هیچ كه‌سێك قبوڵ ناكه‌ین".
سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی عیراق و توركیا و ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان، بڕیاره سبه‌ینێ دووشه‌ممه 25ی ئه‌یلول له هه‌رێمی كوردستان و شاری كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كان ریفراندۆن ئه‌نجام بدرێت.
PM:08:33:24/09/2017
ئه‌م بابه‌ته 3000
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت