عادل موراد داواكارییه‌ك ئاراسته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان ده‌كات

‌عادل موراد

وێستگه‌ نیوز - 
سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان داوا له‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان ده‌كات ده‌ستپێشخه‌ری و زه‌مانه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی قبوڵ بكه‌ن، و دواخستنی ریفراندۆم راگه‌یه‌نن.

له‌ راگه‌یاندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، عادل موراد سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌ی خۆنووسین و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان، مافێكی پارێزراوی هه‌موو گه‌لان و میلله‌تانی دونیایه‌ و خه‌ونی هه‌موو تاكێكی كورده‌".

عادل موراد ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "هه‌ر بۆیه‌ گه‌لی كوردستان به‌درێژایی ده‌یان ساڵ تێكۆشاوه‌ و قوربانیداوه‌ له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردن و به‌دیهێنانی مافی چاره‌ی خۆنوسین، و به‌دیهینانی خه‌ونی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی".

سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ڵێت: "به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵگرتنی ئه‌م دروشمه‌ له‌ كاتێكدا دێت كه‌ بارودۆخی خۆیی و بابه‌تییه‌كان گونجاو نین، كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ كۆی پڕ‌ۆسه‌كه‌ و خه‌وه‌نی له‌مێژینه‌ی ده‌یان ساڵی گه‌له‌كه‌مان ده‌خاته‌ مه‌ترسی له‌بارچوون".
ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "بارودۆخی ئێستای كوردستان و پێشهاته‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كانی عیراق و ناوچه‌كه‌ له‌بارنین بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم".

عادل موڕاد ده‌ڵێت: "هه‌ربۆیه‌ داواكارم له‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان ده‌ستپێشخه‌ری و زه‌مانه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی قبوڵ بكه‌ن، و دواخستنی ریفراندۆم راگه‌یه‌نن".

ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی‌ یه‌كێتی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌م كاته‌دا به‌بێ ره‌چاوكردنی بارودۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان، به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی نادیارمان ده‌بات، كه‌ ره‌نگه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی كاره‌ساتبار بن بۆ ئه‌و ناوچانه‌ و هه‌موو پێكهاته‌كانی به‌گشتی".

ئه‌م داواكارییه‌ی‌ سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ناڕه‌زایی عیراق و توركیا و ئێران و وڵاتانی‌ زلهێزی‌ جیهان، بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ دووشه‌ممه‌ 25ی‌ ئه‌یلول له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و شاری‌ كه‌ركوك  و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ریفراندۆن ئه‌نجام بدرێت.


PM:07:07:24/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 18748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو