ترەمپ: لە بەردەم تیرۆردا چۆک دانادهین
دۆناڵد ترەمپ و مەلانیای هاوسەری
وێستگه نیوز ـ
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری ساڵی 2001 ی بیرناچێتەوە و هەرگیز لە ئاست تیرۆردا چۆک دانادات.
دوێنێ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ و مەلانیا ترەمپی خانمی یەکەمی ئەمریکا لە 16 هەمین ساڵیادی هێرشەکەی 11ی سێپتەممبەردا بەشداریـیان کرد کە لە وەزارەتی بەرگری لە نزیک واشنتنی پایتەخت سازکرابوو، ترەمپ وتارێکی پێشکەشکرد و وتی ئەو یادەوەریـیە تاڵ و تاریکە بۆ هەمیشە لە هزری ئەمریکییەکاندا هەڵکۆڵراوە".
هەروەها رووی لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و وتیشی: "ناتوانین خەمەکانتان بڕوێنینەوە یان خۆشەویستەکانتان بۆ بگێڕینەوە، بەڵام دەتوانین یادەوەرییان بەرز رابگرین و بە پاراستنی خەڵک و وڵاتەکەمان پاداشتیان بدەینەوە".
ترەمپ جەختی لەوەشکردەوە لە شەڕی گروپە تیرۆرستیـیەکان بەردەوام دەبێت تا دڵنیاببێت لەوەی هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ تیرۆرستان نامێنێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە هیچ شوێنێک لەسەر رووی زەوی نییە دەستیان نەیگاتێ و ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ تیرۆرستان.
دۆناڵد ترەمپ ئەوەشی وت، ئەو هێرشانەی 11ی سـێپتەمبەر لەو هێرشەی کرایە سەر پـێرڵ هاربەر لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووەم خراپتر بووە، چونکە لەم هێرشانە خەڵکی سیڤیل و بێ تاوان کرانە ئامانج.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی 11ی سێپتەمبەری 2001 کۆمەڵێـکی چەکداری سەر بە ئەلقاعیدە کە ژمارەیان 19 کەس بوو چوار فڕۆکەی نەفەر هەڵگریان فڕاند لەو کاتەی بە ئاسمانەوە بوون و پڕ لە خەڵکی سیڤیل بوون. دوو لە فڕۆکەکانیان خۆیانکێشا بە هەردوو تاوەرە بەرزەکەی نیویۆرک کە ناوەندی بازرگانی جیهانیان تیادابوو، فڕۆکەیەکیشیان کێشا بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، بەڵام یەک لە فڕۆکەکان لە ناوچەیەکی ویلایەتی پەنسلڤانیا کەوتە خوارێ، لە ئەنجامدا نزیکەی سێ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکە برینداربوون.
AM:08:47:12/09/2017
ئهم بابهته 4168
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت