سەرۆك وەزیرانی توركیا گەیشتە بەغدا

‌یڵدرم بە سەرۆكایەتی وەفدێك گەیشتە بەغدا

وێستگە نیوز- 

بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی‌ توركیا گەیشتە بەغدای پایتەختی عیراق و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی عیراق لە كۆبوونەوەكاندا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و شەڕی‌ داعش و بەهێزكردنی كاری هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات بكرێت و دواتریش سەردانی‌ شاری‌ هەولێر بكات.

بەپێیی میدیاكانی عیراق، وابڕیارە یڵدریم لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، چاوی بە هەریەك لە سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و ئەیاد عەللاوی بكەوێت. 
  
پێشتر نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی وەزیرانی توركیا رایگەیاندبو، ئەمڕۆ بینالی‌ یڵدرم سەرۆك وەزیرانی‌ توركیا  سەردانی‌ بەغدا و هەولێر دەكات و سەردانەكە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە پێشبینی دەكرێت بیناڵی یڵدرم و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق بەشداریی لە كۆبوونەوەی سێیەمی ئەنجومەنی كاری هاوبەشی ستراتیژی لەسەر ئاستی باڵای نێوان توركیا و عیراق بكەن.

لە سەردانەكەی بۆ بەغدا بێجگە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق و سەلیم جبوری‌ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، یڵدرم لەگەڵ بەرپرسانی پارتە سیاسییەكان و كەسایەتییەكان و نوێنەرانی توركمان كۆدەبێتەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە لە كۆبوونەوەكاندا تاوتوێی ھەنگاوەكانی دەستبەركردنی سەقامگیری، خۆشگوزەرانی و ئاسایشی ناوچەكە دەكرێت و جەختیش لەسەر بەھێزكردنی كاری ھاوبەش لە نێوان ھەردو وڵات لەبارەی بەرەنگاربوونەوە دژی داعش، پەكەكە و بزووتنەوەی‌ خزمەت دەكرێت. ھاوكات باس لە پرسی كاری ھاوبەش لە بوارەكانی ئابووری، وزە و گەیاندن دەكرێت بە جۆرێك كە لە بەرژوەندی ھاوبەشی گەلی ھەردوو وڵات بێت".

ئەوەش خراوەتەڕوو كە یڵدرم لە دوای بەغدا سەردانی شاری هەولێر دەكات و پێشبینی ئەوەش دەكرێ كە لەگەڵ مەسعود بارزانی كە رای‌ جیاواز لەسەر پۆستەكەی‌ وەك سەرۆكی ھەرێمی كوردستان هەیە و نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆكی حكومەتی ھەرێم كۆببێتەوە و تاوتوێی بابەتەكانی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بكرێت.


AM:10:44:07/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 999 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت